لەگەڵ چای دیشلەمە شەکری سپی بخۆم یان شەکری تواوە(شەکری قاوەیی)

لە بڵاوکراوەیەکدا، د. یوسف خەتی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو، چیرۆکێکی باسکردووە و لە چیرۆکەکەدا لەڕووی تەندروستییەوە هەردوو شەکری سپی و شەکری قاوەیی بەراورد بە یەکتر کردووە.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوو جۆر شەکرد دانران بۆئەوەی لەگەڵ چای دیشلەمە بخورێن، یەکێکیان شەکری سپی بوو(شەکری قەند) کە هەمیشە بەکاردەهێنرێت، ئەوی دیکەش شەکری تواوە بوو(ئەو شەکرەی وردە و دەکوڵێنرێت هەتاوەکو رەنگی قاوەیی دەبێت، پاشان خەست دەکرێتەوە و لەسەر سینییەک رۆدەکرێت هەتاوەکو وشکدەبێتەوە و وەکو قاڵبێک شەکری لێدێت، پاشان پارچە دەکرێت و لەگەڵ چا دەخورێت).
لە کۆبوونەوەکەدا خانمێکی بەتەمەن گوتی "من لەگەڵ شەکری تواوە چایەکەم دەخۆمەوە چونکە خۆماڵییە و تەندروستترە".
منیش دەڵێم "ئەو شەکرە تواوەیە زۆر خۆشە و بە گوێز و بایەمیشەوە خۆشترە، بەڵام هەموو کوڵاندنێکی زیادەی شەکر، هەموو گەرمکردنێکی درێژخایەن و قاوەییکردنێک زیانبەخشە، چونکە دەبێتەهۆی دروستبوونی رێژەیەکی زۆر لە ئەکریلەماید و چەندین ماددەی زیانبەخش، هەربۆیە باشتر وایە چای دیشلەمە لەگەڵ خورما بخورێتەوە، دەشکرێت لەگەڵ مێوژ و کشمیشیش بخورێتەوە، ئەگەر نا شەکرە سپییەکە کەمزیانترە بەراورد بە شەکرە تواوەکە(شەکرە قاوەییەکە)".
01/07/2025