پشکنینە تیشکییە باوەکانی ددان کامانەن و بۆ چ مەبەستێک بەکاردێن؟

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. رەنج عادل جەلال، پسپۆڕی تیشکی دەم و روو و شەویلگە، باوترین جۆرەکانی پشکنینی تیشکی ددانی خستەڕوو و باسی لە بەکارهێنانەکانە باوەکانیشیان کرد.
پزیشکەکە سەرەتا باسی لەوە کرد کە سێ جۆری باوی پشکنینی تیشک هەن کە لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی گرفتەکانی دداندا بەکاردێن.
یەکێک لەو پشکنینانە بریتییەلە تیشکی ناو دەم کە یەک بۆ دوو ددان دەردەخات و بەکاردەهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی کلۆری و قوڵیی کلۆرییەکە، ئایا گەیشتووەتە سەر رەگی ددان، ئایا ددانەکە هەوکردنی هەیە یان نا.
دووەم جۆر بریتییەلە تیشکی پانارۆمایی کە پێشی دەگوترێت پشکنینی OPG، لەم جۆرەیاندا بە یەکجار هەموو ددانەکان و ئێسکەکانی شەویلگە دەردەکەون و چەند ددان کلۆربن دەردیدەخات، واتە ئەگەر ددانێکی زیادە هەبێت، یان کەسەکە ددانی ژیرییرکەی خوار بێت و چەندین گرفتی دیکەش دەردەخات.
سێیەم جۆر بریتییەلە سی تی سکانی ددان کە پێی دەگوترێت CBCT، تیشکێکی سێ رووییە و هەموو نەخۆشییەکانی دەم و ددان دەردەخات، وەکو کلۆری، شکاوی وهەوکردن، بەڵام باوترین بەکارهێنانی بۆ مەبەستی چاندنی ددانە، بەم تیشکە هەڵسەنگاندن بۆ ئێسکی کەسەکە دەکەین بزانین تاوەکو چەند چڕی و ئەستووریی ئێسکەکە بۆ چاندن دەگونجێت، هەندێجار بۆ ددانی ژیریش بەکاردەهێنرێت بۆئەوەی بزانرێت تاوەکو چەند ددانەکە خوارە، پێویستی بە نەشتەرگەری دەبێت یان نا و چەندین بەکارهێنانی دیکەش.
بە گشتی لەم پشکنینانەدا تیشکی ئێکس بەکاردەهێنرێت، لە ناو خەڵکیشدا بیرکردنەوەیەکی هەڵە هەیە و پێیان وایە ئەم تیشکە زیانی زۆرە و سەلامەت نییە بۆ بەکارهێنان، بەڵام لە راستیدا ئەم ئامێرانەی ئێستا بەکاردەهێنرێن، ئامێری دیجیتاڵیی زۆر پێشکەوتوون و بڕی تیشکەکە بەڕێژەی %50-%80 کەمترە بەراورد بە ئامێرەکانی پێشوو، هەربۆیە زیانەکانیان زۆر کەمترن بەراورد بە ئامێرەکانی پێشتر.
هەروەها لە چەندین توێژینەوەشدا دەرکەوتووە کە ئەم پشکنینە تیشکییانەی ددان بەراورد بەو پشکنینانەی لە پزیشکیی گشتیدا بەکاردەهێنرێن زۆر سەلامەتترن.
01/07/2025