یانەی دهۆک تەنیا یەک هەلی دیکەی لەبەردەم ماوە

یانەی دهۆک بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە، ئەوە جاری سێیەمە تەنیا لەماوەی ئەم وەرزدا سێ راهێنەر دەگۆڕێت و راهێنەری چوارەمیشی دەستنیشانکرد، کە کاپتن سلێمان رەمەزانە.

یانەی دهۆک دوای هەشت یاریی لەسەریەک تامی بردنەوەی نەکرد و دوێنێش دوای شکستەکەیان بەرامبەر یانەی نەورۆز بەئەنجامی 4-1 لە یاریگای خۆیاندا، ئەمیر ئەزرەفشان دەستی لەکارکێشایەوە.
بەگوێرەی پەیامی فەرمی یانەکە خۆیبێت، ئەمیر ئەزرەفشان نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی یانەی دهۆک کردووە و یانەی دهۆکیش قبوڵی کردووە و سوپاسی راهێنەرەکەشیان کرد.
لە پەیامی ماڵئاوایی یانەی دهۆک لە کاپتن ئەمیر ئەزرەفشان، یانەکە گووتی: سوپاس بۆ کاپتن ئەمیر ئەزرەفشان، بەشێوەیەکی فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی یانەکەمان کردووە و کارگێڕی دهۆکیش رازیبووە، یانەکەمان سوپاسی کاپتن ئەمیر ئەزرەفشان دەکات و ئیدی کاپتن سلێمان رەمەزان سەرپەرشتی یانەکە دەکات.
یانەی دهۆک لەم وەرزەدا چوارەم جارە راهێنەر دەگۆڕێت، جاری یەکەم بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە، ئەحمەد خەلەفی درووخستەوە، دواتر مەسعود میراڵ هات، کە توانی نازناوی جامی کەنداو بۆ یانەیەک بەدەستبهێنێت، بەڵام بەهۆی سزای دارایی، میراڵ دەستی لەکارکێشایەوە و پاشان ئەمیر ئەزرەفشان هات، دوای کاپتن ئەمیریش، کاپتن سلێمان رەمەزان کە خۆی پێشتریش راهێنەری دهۆک بوو لە مانگی چواری 2023 دەستی لەکاری راهێنەرایەتی دهۆک کێشایەوە و ئێستاش جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە، پێستریش کاپتن سلێمان یانەی دهۆکی گەیاندە خولی ئەستێرەکانی عێراق و وەکو یەکەم راهێنەری کورد بڕوانامەی پڕۆی لە کاری راهێنەرایەتی وەرگرتووە.
دهۆک لە خولی ئەستێرەکان بە 54 خاڵ لە پلەی هەشتەمە، لەم خولە تەنیا یەک یاریی ماوە بەرامبەر کەرخە و لە دەرەوەی یاریگای خۆیەتی، لە جامی عێراقیش لە 8ـی مانگی حەوت لە دەرەوەی یاریگای خۆیدا بەرامبەر مینا یاریی هەیە.