شەپۆلێکى چڕى خۆڵبارین عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە

دیمەنی شەقامێکی بەغداد لەکاتی خۆڵباریندا. فۆتۆ: AP
دیمەنی شەقامێکی بەغداد لەکاتی خۆڵباریندا. فۆتۆ: AP

شەپۆلێکى چڕى خۆڵبارین بەشێک لە پارێزگاکانى عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە و کەشناسیى هەرێمى کوردستانیش پێشبینیکردووە، سبەى پاش نیوەڕۆ کاریگەریی شەپۆلەکە لەسەر ناوچەکانى هەرێمى کوردستان لاواز ببێت، بەڵام کەشناسى عێراق رایگەیاندووە لە بەشێک لە پارێزگاکانى عێراق سبەى خۆڵبارین بەردەوام دەبێت.

بەگوێرەى راگەیەندراوێکى کەشناسیى هەرێمى کوردستان، سبەى پێشنیوەڕۆ شەپۆلى خۆڵبارین کۆتایی دێت و پلەکانى گەرما 5 پلە نزمەدەبنەوە.

هاوکات کەشناسیى عێراق رایگەیاندووە، سبەى سیشەممە خۆڵبارین بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆش لە پارێزگاى بەسڕە بەرزترین پلەى گەرما لەماوەى ئەمساڵدا تۆمارکراوە و گەیشتووەتە 51 پلەى سیلیزى.

لەسەرەتاى ئەم هەفتەیەوە شەپۆلێکى گەرما عێراق و هەرێمى کوردستانى گرتەوە و 30ـى حوزەیران شەپۆلەکە کۆتاییهات.