بە ژمارەیەک درۆن هێرشکرایەسەر پاڵاوگەى بێجى

بەرەبەیانى ئەمڕۆ بە ژمارەیەک درۆن هێرشکرایەسەر پاڵاوگەى بێجیى سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین و قایمقامى بێجیش دەڵێت، درۆنەکان هیچ زیانێکى گیانى و ماددییان نەبووە.
عادل دج، قایمقامى بێجى رایگەیاند، پاڵاوگەى بێجى بە زیاتر لە 10 درۆن رووبەڕووى هێرشبووەتەوە، بەڵام لەلایەن سیستمى بەرگرییەوە بەرپەرچى هێرشەکان دراوەتەوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، درۆنەکان هیچ زیانێکى گیانى و ماددیان نەبووە.
هاوکات، سەرچاوەیەکى ئەمنى رایگەیاند، سیستمى بەرگریى ئەمنیى عێراق دوو درۆنیان خستووەتە خوارەوە، کە بەنیازبوون پاڵاوگەى بێجى بکەنە ئامانج.
بەگوێرەى سەرچاوەکە، درۆنەکان هیچ زیانێکیان بە پاڵاوگەکە نەگەیاندووە.
پاڵاوگەى بێجى گەورەترین پاڵاوگەى عێراقە و لە تەمموزى ساڵى 1978 دامەزراوە و دەکەوێتە پارێزگای سەڵاحەدین، پاڵاوگەکە تواناى پاڵاوتنى زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوتى هەیە لە رۆژێکدا، بەڵام لە شەڕى داعشدا زیانى زۆرى بەرکەوت و بەهۆیەوە لەکارکەوت.
هێرشەکەى سەر پاڵاوگەى بێجى لەکاتێکدایە، شەوى رابردوو چوار موشەک لە دوو شوێنى شارى کەرکوک کەوتنەخوارەوە و بەهۆیانەوە کەسێک برینداربوو، زیانیش بەر ماڵى هاوڵاتییەک کەوت.
01/07/2025