ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بۆ تاوتوێکردنی دانوستانەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆدەبێتەوە و تاوتوێى دانوستانەکانى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان حکومەتى فیدراڵ دەکات و پێدەچێت بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچە بدات.
ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق بەسەرپەرشتیى محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆى ئەنجامدەدات و پەیامنێرى کەناڵ8یش رایگەیاند، بڕیارە لە کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆ (1ی تەمموز)دا تاوتوێی دانوستانەکانى نێوان شاندى هەرێمى کوردستان حکومەتى فیدراڵ بکرێت و بڕیار لەسەر خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدرێت.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێش کۆبوونەوەکەى ئەنجوومەنى وەزیران، شاندى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ و نوێنەرى وەزارەتى نەوتى عێراق کۆدەبێتەوە.
لە رۆژى شەممەى رابردووەوە شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە بەغدادە و رۆژى یەکشەممە ژمارەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمپانیاى سۆمۆ، نوێنەرى وەزارەتى نەوت، نووسینگەى سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەنجامداوە.
دوێنێش شاندەکە لەگەڵ ئەنجوومەنى ئابووریى عێراق و وەزارەتى نەوتى عێراق کۆبووەوە، بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى پەیامنێرى کەناڵ8، کە لە چەند سەرچاوەیەکى عێراقەوە دەستیکەوتووە، شاندەکە نزیکن لە رێککەوتن، بەجۆرێک 280 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە رادەستى سۆمۆ دەکرێت و 16 دۆلاریش بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى هەر بەرمیلێک دیاریکراوە.
رۆژى 26ـى حوزەیرانى 2025، شاندى تەکنیکیى حکومەتى عێراق گەیشتە هەولێر و لەگەڵ شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەبارەى نەوت، داهاتى نانەوتی و شایستە داراییەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجامدا.
01/07/2025