کۆمیسیۆن: تاوەکو ئێستا حاڵەتی کڕینی کارتی دەنگدان تۆمارنەکراوە

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی کڕینی کارتی دەنگدان لە عێراق تۆمارنەکراوە و کارتی بایۆمەتری بە جۆرێکە ساختەکاریی تیادا ناکرێت.
حەسەن قەبەس، ئەندامی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆن لەمیانی بەشداریی لە بوڵتەنی کەناڵ8 ئاماژەی بەوەشکرد، لە سەرجەم پارێزگاکان لیژنە پیکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی هەر پێشێلکارییەک، جگەلەوەی سزا دیاریکراوە بۆ ئەو پێشێلکارییانە، هەندێکجاریش دەگاتە ئاستی دوورخستنەوەی بەربژێرەکانیش.
گوتیشى، کارتی بایۆمەتریی زانیاریی خاوەنەکەى بە پەنجەمۆر و رووخسارى کەسەکەوە تۆمارکراوە، هیچ سوودێکی نابێت بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت ساختەکاریی پێ بکات یاخود بیکڕێت، چونکە تەنیا خاوەنەکەی دەتوانێت بەکاریبهێنێت.
لەبارەی بەربژێرەکان و شیاوییان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردندا، ئەو بەرپرسەى کۆمیسیۆن رایگەیاند، لەماوەی مانگێکدا لەڕێگەى 13 وەزارەت و دامەزراوەوە، لێکۆڵینەوە لە ناسنامە و شیاویی بەربژێرەکان دەکرێت و دواتریش وادەی بانگەشەی هەڵبژاردن رادەگەیەندرێت.
حەسەن قەبەس گوتیشى؛ تاوەکو کۆتاییهاتنی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە 28ـی حوزەیراندا، دوو ملیۆن و 155 هەزار کەس لەسەرانسەری عێراق تۆمارەکانی خۆیان نوێکردووەتەوە، ئەوەش بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی پێشوو ئاستێکی پێوانەیی نوێیە.
بەگوێرەی کۆمیسیۆن، تاوەکو ئێستا ژمارەی فەرمیی داتای ئەو دەنگدەرانەی ئامادەن بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق؛ 21 ملیۆن و 155 هەزار کەسن.
01/07/2025