سیروانی نوێ دوایین یاریی خۆی لە خولی پلە سێی عێراق ئەنجامدەدات

دوای ئەوەی سیروانی نوێ سەرکەوتنی بۆ گەیشتن بە خولی پلەدووی یانەکانی عێراق مسۆگەرکرد، ئەمڕۆ دوایین یاریی خۆی لە خولی پلە سێیەکانی عێراق ئەنجامدەدات.
یانەی سیروانی نوێ، توانی پێنج گۆڵ لە یانەی رەد بکات و سەرکەوتنی بۆ وەرزی داهاتووی خولی پلە دووی یانەکانی عێراق مسۆگەرکرد، کە 13 یاریی بوو لەسەریەک هیچ شکستێکی نەبوو، توانیان 38 گۆڵ بکەن لەو 13 یارییە، هاوکات ئەمڕۆش دوایین یاریی خۆی لە خولی پلە سێی عێراق ئەنجامدەدات کە رووبەڕووی یانەی سیناعاتی حەربی دەبێتەوە.
یارییەکە لە یاریگای زەورا کاتژمێر 18:00 ئەنجامدەدرێت، سیروانی نوێ دەیەوێت بە بردنەوە ماڵئاوایی لە خولی پلە سێ بکات و لە وەرزی داهاتووش هێندەی دیکە بەهێز بن و رکابەریی دەکەن بۆ گەیشتن بە خولی پلە یەکی عێراق.
گۆڵکارانی سیروانی نوێ تاوەکو ئێستا هەریەکە لە سوهەیب تەها، کە شەش گۆڵی هەیە، هاوکات ئەیاد دیاری و مارکۆ محەمەدیش یەکی چوار گۆڵیان تۆمارکردووە.
سیروانی نوێ بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ پلەی یەکەمی ریزبەندیی یانەکانی پاڵاوتنەکانی کۆتایی خولی پلە سێی عێراقی گرتووە، بە دوایدا یانەکانی دیفاع جەوی و مەیموونە و بەلەد و دەغارە دێن، تەنیا سیروانی نوێ و رەد توانیان سەربکەون بۆ خولی پلە دووی عیراق بۆ وەرزی داهاتوو.

01/07/2025