لە کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق باسى مووچە نەکراوە

ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆبووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا باسى پرسى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و هەناردەکردنەوەى نەوت نەکراوە.
یەکێک لە راوێژکارانى سەرۆک وەزیرانى عێراق، کە نەیویست ناوى بهێندرێت، بە کەناڵ8ـى راگەیاند لەگەڵ دەستپێکردنى کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە کاتژمێر یەکى پاشنیوەڕۆى رۆژى سێشەممە یەکى تەمموز، سەرۆکوەزیرانى عێراق و هیچ یەکێک لەوەزیرەکان لەبارەى پرسى مووچە و گفتوگۆکانى حکومەتى عێراق و حکومەتى هەرێمى کوردستان لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت هیچ شتێکیان نەخستووەتەڕوو.
هاوکات، سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بە کەناڵ8ـى راگەیاند، پێش کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، بەشێک لە وەزیرە کوردەکان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى گفتوگۆیان لەبارەى پرسى ناردنى مووچەى مووچەخۆران و پرسى نەوتى هەرێمى کوردستان کردووە.
هەروەها ئاماژەى بەوەکرد، سەرۆکوەزیرانى عێراق ئەوەى راگەیاند، کە ناردنى مووچە و بەردەوامى رەوانەکردنى پەیوەستە بە رێککەوتن لەسەر رادەستکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان و پابەند بوون بە یاساى بودجەى عێراق، کە گفتوگۆکان لەنێوان هەردوولا بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوونەتە خاڵى رێککەوتنى کۆتایى، واتا تاوەکو دۆسیەى نەوت بە هەڵواسراوى بمێنێتەوە ناردنى مووچە بۆ هەرێمى کوردستان بە ئەستەم دادەنرێت.
01/07/2025