سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی تورکیای کرد

کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانەکانی عێراق و تورکیا و شاندە یاوەرەکانیان لە تورکیا. فۆتۆ: AA
کۆبوونەوەی سەرۆکی پەرلەمانەکانی عێراق و تورکیا و شاندە یاوەرەکانیان لە تورکیا. فۆتۆ: AA

مەحمود مە‌شهەدانی سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ هاوتا تورکییەکەی کۆبووەوە، هەردوولاش جەختیان لە بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریی و ئەمنییەکانی نێوانیان کردەوە.

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەگەڵ شاندێکی یاوەریدا لە ئەنقەرە لەگەڵ نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبووەوە و باسیان لە پرسە هاوبەشەکانی نێوان عێراق و تورکیا و بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی نێوانیان کرد.

پاش کۆبوونەوەکە مەشهەدانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەش لەگەڵ هاوتا تورکییەکەیدا باسی لە رێگەی گەشەپێدان کرد و گوتی، رێگەکە پێویستییەکی ستراتیجییە بۆ عێراق و تورکیا و گوتیشی، هەماهەنگیی ئابووری و ئەمنی لەنێوان هەردوولا، زۆر گرنگە.

مەشهەدانی داوای یەکگرتوویی لە وڵاتانی مسوڵمان کرد و گوتی، ئەگەر وڵاتانی مسوڵمان یەگرتوو بوونایە، غەززە نەدەکەوتە ئەو دۆخەی تیایدایە.

مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی، "پێویستە بەردەوامبین لە پەیوەندییەکانی نێوانمان و گرووپی دۆستایەتیی عێراقی- تورکیش بەهێزتر بکەین. پەیوەندییەکانمان لە ئاستێکدایە کە لە سەرووی چاوەڕوانییەکانە. دڵخۆش دەبین بە سەردانی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لە ئایندەدا بۆ بەغداد. ئێمە پێویستمان بە یەکگرتوویی هەیە، ئەگەر وڵاتانی مسوڵمان یەکگرتوو بوونایە ئەو کارەساتە لە غەززە رووینەدەدا. وەک بینیتان ئێران شکۆی ئیسرائیلی تێکشکاند. پێویستە ریزەکانمان یەکبخەینەوە. بەهیوام سەردانەکە ببێتە مایەی خێر بۆ هەردوو وڵات."

هاوکات سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا داوای کرد پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و بەغداد بەهێزتر بکرێن و گوتیشی، پرۆسەی تورکیای بێتیرۆر کە لەلایەن عێراقەوە پێشوازیی لێکراوە، بۆ تورکیا و تەواوی ناوچەکەش گرنگە.

نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتیشی، "ئەو ئاستەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا پێیگەیشتووە، مایەی دڵخۆشییە. ئامانجی هەردوولامان ئەوەیە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان لە کەمترین کاتدا لە 15 ملیارەوە بۆ 30 ملیار دۆلار بەرزبکەینەوە. بەهیواین پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر کە لەلایەن عێراقەوە پێشوازیی لێکراوە، ببێتە هۆی کۆتاییهێنان بە تیرۆر لە ناوچەکەدا. ئەوەش وامان لێدەکات پێکەوە کار بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر بکەین. بەهیواین لە هەموو بوارەکاندا پەیوەندی و هەماهەنگییەکانمان بەهێزتر بکەین. رزگاربوونی عێراق و تورکیا لە تیرۆر، نیشانەی هەڵمەتی گەشەپێدانە لە ناوچەکەدا."