داهاتى نا نەوتیی سلێمانى لە مانگى حوزەیران زیاتر لە 60 ملیار دینار بووە

بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتى نانەوتیی سنوورى سلێمانى لە مانگى رابردوو (حوزەیران)، بڕەکەى 60 ملیار و 815 ملیۆن دینار بووە.
ماڵپەڕەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە داهاتەکە، بڕى 49 ملیار و 471 ملیۆن دینارى نەختینە (کاش) بووە و هەشت ملیار و 143 ملیۆن دیناریشى بە چەک بووە و هەروەها سێ ملیار و 200 ملیۆن دینارى بە مەقاسە بووە.
داهاتى نانەوتیی مانگى حوزەیران بەراورد بە مانگى ئایار، کە بڕەکەى 77 ملیارو 71 ملیۆن بووە، بڕى 16 ملیارو 256 ملیۆن دینار کەمیکردووە.
بەوەش کۆى داهاتى شەش مانگى یەکەمى ئەمساڵ لە سلێمانی گەیشتووەتە 410 ملیارو 161 ملیۆن دینار، واتا تێکڕاى مانگانە 68 ملیار و 360 ملیۆن دینار بووە.
داهاتى نانەوتیى سنوورى سلێمانى لەرێگەى شەش گەنجینەوە کۆدەکرێتەوە و سات بە سات لەرێگەى 828 فەرمانبەرەوە داخڵى سیستمى پێگەى شەفافییەت دەکرێت.
داهاتە نانەوتییەکانى پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانى گەرمیان و راپەرین، لەرێگەى 28 وەزارەت و دەستە و 109 بەڕێوەبەرایەتیى گشتى و 516 بەڕێوەبەرایەتى و 781 فەرمانگە کۆدەکرێتەوە.
02/07/2025