ئەردۆغان رەزامەندیدا لەسەر زیادکردنی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق

بڕیارە لە ئەمڕۆوە تورکیا 420 مەتر سێجا ئاو لە هەر چرکەیەکدا بۆ عێراق بەربداتەوە
بڕیارە لە ئەمڕۆوە تورکیا 420 مەتر سێجا ئاو لە هەر چرکەیەکدا بۆ عێراق بەربداتەوە

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا رەزامەندیدا لەسەر زیادکردنی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، بڕیارە لە ئەمڕۆوە تورکیا 420 مەتر سێجا ئاو لە هەر چرکەیەکدا بۆ عێراق بەربداتەوە.

بڕیارەکە لەپاش ئەوەدێت شاندێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی مەحمود مەشهەدانی سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەران، سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.

کاروان یاروەیس، ئەندامی شاندەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە سەردانەکەدا پرسی هەرە گرنگی کۆبوونەوەکان زیادکردنی بەردانەوەی ئاو بووە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەردۆغان بڕیاریداوە دەستبەجێ ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە.

روونیشیکردەوە، بەشێک لە گفتوگۆکان پەیوەست بوون بەوەی لە داهاتوودا، هەردوو وڵات چۆن هەماهەنگییان هەبێت تاوەکو لە بنەڕەتەوە چارەسەری ستراتیجی بۆ کێشەی ئاو بدۆزنەوە.

بەردانەوەی ئاوەکە لە تورکیاوە بۆ عێراق؛ بە جۆرێکە لە رووباری دیجلەوە 320 مەتر سێجا و لە رووباری فورات 100 مەتر سێجا لە یەک چرکەدا بەربدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا پێی راگەیاندوون؛ سەرەڕای زیادکردنی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، بەڵام تورکیاش کێشەی کەمبوونەوەی ئاوی لە هەندێک  لە بەنداوەکاندا هەیە.

مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەکاندا لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا باسی لەوەکردووە، بە بەردانەوەی زیاتری ئاو بۆ رووباری دیجلە و فورات و گەیاندنی بە دانیشتووانی عێراق گرنگە بەتایبەت بۆ ئەو ناوچانەی بەدەست کەمیی ئاوەوە دەناڵێنن، کە بەشێکی زۆریان دەکەونە باشووری عێراقەوە.