خۆڵبارین بۆ ماوەی 5 رۆژ 17 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دەگرێتەوە

وێنەیەی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا لە ئێران. فۆتۆ: AP
وێنەیەی خۆڵبارین و پیسبوونی هەوا لە ئێران. فۆتۆ: AP

دەزگای کەشناسیی ئێران هۆشداری دەدات لە، خۆڵبارین، بای بە‌هێز و بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە لە 17 پارێزگای ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.

کەشناسیی ئێران دەڵێت، شەپۆلی خۆڵبارینەکە لە ئەمڕۆ چوارشەممە دەستپێدەکات و تاوەکو یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبێت.

هۆشدارییەکەی کەشناسیی ئێران بۆ ناوچەکانی باشوور، باشووری رۆژهەڵات، باکووری رۆژئاوا، باکوور و بەرزاییەکانی ئەلبورز و ناوچەکانی نزیک دەریایی خەزەرە.

کەشناسیی ئێران دەشڵێت، شەپۆلی خۆڵبارین و بای بەهێز ئەمڕۆ چوارشەممە 2ی تەمموز لە پارێزگاکانی ورمێ، بەرزاییەکانی هورمزگان، باشووری کرمان و باشووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەستپێدەکات.

کەشناسیی ئێران داوا لە خەڵکی ئەو ناوچانە دەکات بۆ کاری پێوست نەبێت لە ماڵەکانیان نەیەنەدەرەوە، چونکە لە هەندێک ناوچە ئاستی بینین زۆر کەم دەبێتەوە و خۆڵبارینەکەش بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە زیانی دەبێت.