ئەمریکا و سێ وڵاتی دیکە رێککەوتنی کانزا دەگمەنەکانیان ئەنجامدا

هاوپەیمانی چوارقۆڵیی "ئەمریکا، ژاپۆن، هیندستان و ئوسترالیا" رێککەوتنی هەماهەنگیی دەستەبەرکردنی کانزا دەگمەنەکانیان ئەنجامدا، ئەم هەنگاوەش لە کاتێکدایە، کە نیگەرانییەکان لە زیادبووندان، سەبارەت بە باڵادەستیی چین بەسەر ئەم سەرچاوانەدا کە زۆر پێویستن لە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای نوێدا.
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتن میوانداریی هاوتا ئوسترالی و هیندستانی و ژاپۆنییەکەی کرد، پاش ئەنجامدانی رێککەوتنەکە راگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە، تیایدا بڕیاریاندا دەستپێشخەرییەکی هاوبەش دەستپێبکەن بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و هەمەچەشنکردنی رێگاکانی دابینکردنی کانزا دەگمەنەکان، ئەمەش بەشێک دەبێت لە هەماهەنگییەکی فراوانتر لەنێوانیاندا.
هەرچەندە لە راگەیەندراوەکەدا وردەکارییەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام ئەوە خراوەتەڕوو، ئامانج لە رێککەوتنەکە کەمکردنەوەی پشتبەستنە بە تەنیا یەک سەرچاوە لە دابینکردنی کانزا دەگمەنەکاندا، راشیانگەیاندووە، پشتبەستن بە یەک وڵات لە دەرهێنان و پوختکردنەوەی کانزا دەگمەنەکان و بەرهەمە پیشەسازییەکاندا قۆرخکاری و ناجێگیری لە نرخدا دێنێتە ئاراوە.
هەرچەندە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە دەوڵەتی "چین" نەکراوە، بەڵام وەزیرانی دەرەوەی ئەو چوار وڵاتە، نیگەرانیی زۆریان بەرامبەر بە جموجۆڵە سەربازییەکان لە دەریاکانی باشوور و رۆژهەڵاتی چین دەربڕی و بە "مەترسیدار" ناویانبرد و گوتیان "ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە".
جگە لەوەش سەرکۆنەی تاقیکردنەوەی موشەکییەکانی کۆریای باکووریان کرد و جەختیان لەسەر پێویستیی داماڵینی ئەو وڵاتە لە چەکی ئەتۆمی کردەوە و بەتایبەتیش وەکو نیگەرانییەکی گەورە بۆ ژاپۆن لێکیاندایەوە.
02/07/2025