لەکاتی بەکارهێنانی رێتینۆڵدا ئاگاداری ئەم خاڵانە بە
گران جاف 02/07/2025

رێتینۆڵ یەکێکە لە جۆرەکانی ڤیتامینA و لە بەشێکی بەرهەمەکانی پێستدا هەیە و بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی چەندین گرفتی پێست بەکاردەهێنرێت.
لەگەڵ ئەوەی رێتینۆڵ دەکرێت سوودی زۆربێت، بەڵام هەڵەبەکارهێنانی گرفتی گەورە بۆ پێست دروستدەکات، هەربۆیە پێشئەوەی دەست بە بەکارهێنانی بکەیت، گرنگە ئەم زانیارییانە بزانیت:
رێتینۆڵ چۆن بەکاردەهێنرێت؟
گرنگە ئەو کەسەی دەیەوێت رێتینۆڵ بەکاربهێنێت، پێش بەکارهێنانی لەسەر رووخساری، بۆ چەند رۆژێک کەمێک لە بەرهەمەکە بدات لە بەشێکی دەستی بۆ ئەوەی بزانێت کە هەستەوەریی بە رێتینۆڵ هەیە یان نا، ئەگەر هیچ سووربوونەوە و گرفتێکی پێست دروست نەبوو، کەسەکە دەتوانێت بۆ رووخساریشی بەکاریبهێنێت.
بە گشتیی بۆ بەکارهێنانی رێتینۆڵ دەبێت کەسی بەکارهێنەر ئەم مەرجانە پەیڕەو بکات:
- دەبێت سەرەتا کەسەکە رووخساری بە پاکی بشوات و وشکی بکاتەوە
- لەکاتی بەکارهێنانی رێتینۆڵەکەدا، نابێت کەسەکە دەستی لە رووخساری زۆر بخشێنێت
- دەبێت بڕێکی زۆر کەم لە رێتینۆڵەکە بۆ رووخسار بەکاربهێنرێت، بە نزیکەیی بڕەکەی دەبێت بەقەد نۆکێک بێت
- نابێت رێتینۆڵ بەر دەم، چاو و لووت بکەوێت
- باشترە لە سەرەتای بەکارهێناندا، کەسەکە تەنیا دوو جار لە هەفتەیەکدا بەکاریبهێنێت و ماوە ماوە ژمارەی جەرەکانی بەکارهێنان زیاد بکات
- لە کۆتاییدا پێویستە کەسەکە شێدارکەرەوە بەکاربهێنێت بۆ رێگریکردن لە وشکبوونەوەی پێست
- تەنیا شەوان دەبێت بەکاربهێنرێت
- لە رۆژدا پێویستە دژەخۆر بەکاربهێنرێت
گران جاف
02/07/2025