ترەمپ رێژەی باجی لە ئەمریکا کەمکردەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. فۆتۆ: AFP

ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا پڕۆژە یاسای بودجەی پێشنیارکراوی دۆناڵد ترەمپی پەسەندکرد، کە کەمکردنەوەی باج لە خۆ دەگرێت و تەنها رەزامەندیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ماوە بۆ پەسەندکردنی کۆتایی.

دوای زیاتر لە 26 کاتژمێر لە دەنگدان لەسەر دەیان بڕگەی هەموارکردنەوەی پرۆژە یاسای بودجە، دواجار کۆمارییەکانی ئەنجوومەنی پیران بەسەر ناکۆکییەکانیاندا زاڵبوون و پڕۆژە یاساکەیان پەسەندکرد، کە پێشتر سەرۆکی ئەمریکا بە "گەورە و جوان" وەسفی کردبوو.

پرۆژەیاساکە بریتییە لە کەمکردنەوەی باج بە شێوەیەکی گشتی و کەمکردنەوەی باجی سەر چاودێریی تەندروستی بە تایبەتی.

پەسەندکردنی پرۆژە یاساکە بە جیاوازییەکی کەم یەکلاییکرایەوە، سەرەڕای زۆرینەی کۆمارییەکان بە 53 کورسی لە کۆی 100 کورسی ئەنجوومەنی پیران، بەڵام دەنگدانەکە بە یەکسانبوون بە ئەنجامی 50-50 کۆتاییهات و جێگری سەرۆک جەی دی ڤانس دەنگی یەکلاکەرەوەیدا.

نزیکەی هەفتەیەکە ترەمپ داوای لە هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەران کرد پێش پشووی چواری مانگی تەمموز پرۆژەیاساکە پەسەند بکەن. لای خۆشیەوە ئیلۆن مەسک دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان هۆشداری دابوو کە ئەگەر پرۆژە یاساکە پەسەند بکرێت، پارتێکی نوێ پێکدەهێنێت و پارەی بانگەشەی  پارتی کۆمارییەکان بۆ ئەو بەربژێرانەى دژایەتی ئەندامانی ئێستای کۆنگرێس دەکەن دابیندەکات.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و تێسلا کە پێشتر بەرپرسیار بوو لە کەمکردنەوەی خەرجییە فیدراڵییەکان لە رێگەی وەزارەتی کارایی حکومەتەوە، ئاشکرایکردووە، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو خەرجییە زەبەلاحەی لە پرۆژە یاساکەدا هەیە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی قەرزەکان بە رێژەیەکی پێوانەیی و دەگاتە پێنج تریلیۆن دۆلار "

لای خۆشیەوە ترەمپ بە هەڕەشەیەکی ناڕاستەوخۆ وەڵامی توندی دایەوە و ئاماژەی بەوەشکردووە، کە پێشنیازی لێکۆڵینەوەی لە مامەڵە بازرگانییە زۆرەکانی ئیلۆن مەسک لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کردووە.