بەهۆی خۆڵبارینەوە لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک 145 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون

رۆژی رابردوو بەهۆی خۆڵبارینەوە زیاد لە 145 کەس لە هەرێمی کوردستان و کەرکوک رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
سامان لەتیف، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی گوت؛ لە سلێمانی تەنیا 15 کەس چوونەتە نەخۆشخانەکان و پاش وەرگرتنی چارەسەری پێویست، گەڕاونەتەوە ماڵەوە.
سامان سەلمان بەرپرسی راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر بە کەناڵ8ـی گوت؛ بەهۆی خۆڵبارینەوە 21 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون و چارەسەری پێویستان بۆ کراوە.
هاوکات مەتین جەمیل، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک بە کەناڵ8ـی گوت؛ خۆڵبارین لە دهۆک زۆر نەبووە و کەس رەوانەی نەخۆشخانە نەکراوە.
هەروەها تەندروستیی کەرکوک بڵاوکردەوە لە چەند رۆژی رابردوودا بەهۆی ئەو خۆڵبارینەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، 109 کەس رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
تەندروستیی کەرکوک لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، 109 رەوانەی نەخۆشخانە جیاجیاکانی شاری کەرکوک کراون بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.
ئەم ئامارانە لەکاتێکدان، لە دوو رۆژی رابردوودا خۆڵبارینێکی چڕ عێراق و هەرێمی کوردستانی گرتەوە و لە ئێستادا کاریگەرییەکەی کەمبووەتەوە.
02/07/2025