پسپۆڕێک بە وردی باس لە مایەسیری دەکات

گران جاف 03/07/2025
د. هێمن مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی
د. هێمن مەحمود، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. هێمن مەحمود محەمەد، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتی و نەشتەرگەریی قەڵەوی بە ناوبینی، باسی لە هۆکارەکانی تووشبوون بە مایەسیری کرد و چارەسەرەکانیشی خستەڕوو.

مایەسیری یەکێکە لەو نەخۆشییانەی کە لە گەنجان و گەورەساڵانیشدا باوە، تێیدا گیرفانە خوێنییەکانی کۆم دەردەپەڕنە دەرەوەی کۆم و هەندێک نیشانە دروستدەکەن.

بە شێوازێکی ئاسایی هەموو کەسێک سێ گیرفانەی خوێنیی کۆمی هەیە، ئەگەر ئەم گیرفانانە زیانیان پێبگات، جا بەهۆی قەبزی، سکچوون یان نەخۆشییەوە بێت، دەئاوسێن و ئازار دروستدەکەن و خوێنیان لێدێت.

نیشانەی سەرەکیی مایەسیری بریتییەلە هەبوونی خوێن، جا لەکاتی پیساییکردندا بێت یان بەبێ پیسایی.

ئەم نەخۆشییە چوار قۆناغی هەیە و لە قۆناغەکانی یەک و دوودا ئازار و خوێن کەمە و چارەسەرەکان سادەتر و کاریگەرترن، بەڵام لە قۆناغی سێ و چواردا ئازار و خوێن زۆرە و کەسەکە هەست بە دەرپەڕینی کۆمی دەکات و هەستدەکات لەلای کۆمییەوە ئاوساوییەک هەیە.

سەبارەت بە چارەسەرەکان، پزیشکەکە باسی لەوە کرد کە ئەگەر نەخۆشییەکە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا دەستنیشانبکرێت، دەکرێت تەنیا لەڕێگەی دەرمان، شاف، کرێم یان چەند رێنماییەکی خۆراکەوە کەسەکە گرفتەکەی چارەسەرببێت و پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت.

سەبارەت بە چارەسەرەکان لە قۆناغی سێ و چواری نەخۆشییەکەدا، لەوانەیە پێویست بە نەشتەرگەری بکات و بە گشتیش دوو جۆر نەشتەرگەری هەیە.

لە هەندێک چارەخوازدا دەبینرێت کە کەسەکە تووشی خنکانی مایەسیری دەبێت، واتە مایەسیرییەکە دێتە دەرەوە و خوێن تێیدا دەیبەستێت و کڵۆ دەکات، ئەم کەسانە پێویستیان بە نەشتەرگەریی کتوپڕ هەیە، بەڵام ئەو کەسانەی کە تووشی خنکانی مایەسیری نەبوون و تەنیا مایسیرییەکەیان هاتووەتە دەرەوە، پێویستیان بە نەشتەرگەریی ئاسایی هەیە و پێویست ناکات دەستبەجێ بکرێت.

ئێستا نەشتەرگەرییەکانی چارەسەرکردنی مایەسیری زیاتر لەڕێگەی لەیزەرەوە دەکرێن، ئەمەش وادەکات کەسەکە لە پاش نەشتەرگەرییەکەدا ئازارێکی کەمتری هەبێت و زووتر چاکببێتەوە و بگەڕێتەوە سەر ژیانی ئاسایی خۆی.

هەندێجار لەوانەیە هۆکارێکی جیاواز لە پشتی ئەم نەخۆشییەوە هەبێت، وەکو هەوکردنە درێژخایەنەکانی ریخۆڵە و شێرپەنجەی کۆڵۆن و بەشی خوارەوەی کۆئەندامی هەرس، هەربۆیە نابێت مایەسیری پشتگوێبخرێت، ئەمەش بۆئەوەی چارەسەرەکانی ئاسانتربن، هەروەها ئەگەر نەخۆشییەکی دیکە بووەهۆی مایسیرییەکە، پێی بزانرێت و بە خێرایی چارەسەری ئەو نەخۆشییەش بکرێت.

گران جاف

03/07/2025