هەفتەی رابردوو 17 حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە عێراق تۆمارکراوە

لە ئەمساڵدا 184 کەس لەعێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون
لە ئەمساڵدا 184 کەس لەعێراق تووشی تای خوێنبەربوون بوون

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، تەنیا هەفتەی رابردوو 17 حاڵەتی نوێی تای خوێنبەربوون تۆمارکراون و دوو کەسیان گیانیان لەدەستداوە.

سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاشکرایکردووە؛ هەفتەی رابردوو لە تەواوی عێراق 17 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەش دوو کەسیان لە نەجەف و دیالە گیانیان لەدەستداوە.

بەگوێرەی دوایين ئامارەکانی تەندروستیی عێراق، لە ئەمساڵدا 184 کەس تووشی تای خوێنبەربوون بوون و 24 حاڵەتی گیانلەدەستدانیش بەهۆی پەتاکەوە تۆمارکراون و بەرزترین رێژەی تووشبووانیش لە پارێزگای زیقارە کە 60 کەس تووشبوون، بەڵام تەنیا یەک حاڵەتی مردن لەو پارێزگایە تۆمارکراوە.

لە پلەی دووەمدا بەغداد دێت بە 29 تووشبوو و شەش حاڵەتی گیانلەدەستدان، پاشان واست بە 17 حاڵەتی تووشبوو و یەک حاڵەتی گیانلەدەستدان پاشان پارێزگاکانی دیکەی عێراق دێن.

هەرچی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانە، لە هەولێر دوو تووشبووی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە، لە دهۆک سێ حاڵەتی تووشبوو و یەک حاڵەتی مردن تۆمارکراوە و لە پارێزگای سلێمانیش دوو حاڵەتی تووشبوون تۆمارکراوە.

لە کەرکوکیش لە کۆی پێنج حاڵەتی تووشبوون چوار کەسیان گیانیان لەدەستداوە.