میزەڵدانی تووڕە چییە؟

لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8، د. ئارام کەریم حەمەئەمین، پسپۆڕی گورچیلە و میزەڕۆ و پرۆستات، باسی لە میزەڵدانی تووڕە کرد و نیشانەکانیشی خستەڕوو.
میزەڵدانی تووڕە یان فرەچالاکیی میزەڵدان یەکێکە لە حاڵەتە باوەکان کە چەند نیشانەیەکی دروستدەکات، وەکو هەبوونی هەستێکی توندی میزکردن، کەسەکە فریای تەوالێت ناکەوێت، یان کەسەکە چەندین جار دەچێت بۆ میزکردن.
چەندین نەخۆشی هەن کە دەبنەهۆی ئەم حاڵەتە، وەکو نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکانی کۆئەندامی مێشک و دەمار وەکو ئێمئێس، جەڵتەی مێشک و پاریکینسن، هەندێک نەخۆشیی دیکەش هەن وەکو بەردی میزەڵدان، هەوکردنی میزەڵدان و گیرانی رێڕەوی میز جا بەهۆی گەورەبوونی پرۆستاتەوە بێت یان تەسکبوونەوەی رێڕەوی میز بێت، هەندێجاریش هۆکاری تووشبوون نازانرێت.
چارەسەرەکان پشت بە هۆکارەکان دەبەستن، واتە سەرەتا پێویستە هۆکاری حاڵەتەکە بدۆزرێتەوە پاشان چارەسەربکرێن. سەرەتا لەڕێگەی دەرمانەوە هەوڵ دەدرێت گرفتەکە چارەسەر بکرێت، ئەگەر بە دەرمان چارەسەر نەبوو، پێویست دەکات هێڵکاریی میزەڵدان، ناوبینی یان نەشتەرگەری بۆ کەسەکە بکرێت.
03/07/2025