توێژینەوەیەکی نوێ: بەرهەمە شیرەمەنییەکان دەبنەهۆی بینینی خەوی ناخۆش

لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی لاکتۆزیان پێناکەوێت، زیاتر خەوی ناخۆش دەبینن.
توێژینەوەکە لە گۆڤاری فرۆنتییەرزدا بڵاوکراوەتەوە و بەشداربووانی توێژینەوەکە ئەو کەسانە بوون کە لاکتۆزیان پێنەدەکەوت.
ئەو کەسانەی لاکتۆزیان پێناکەوێت، ئەنزیمی لاکتەیزیان کەمە، ئەم ئەنزیمە بەرپرسە لە هەرسکردنی شەکری لاکتۆز کە لە بەرهەمە شیرەمەنییەکانی وەکو ماست، شیر، پەنیر، ئایسکرێم و قاوەی شیرداردا هەن، هەربۆیە ئەم کەسانە کە ئەم بەرهەمانە دەخۆن، چەندین نیشانەی وەکو ئازاری سک، باکردنی سک، سكچوون و دڵتێکەڵهاتنیان تووشدەبێت.
ئەم توێژینەوەیەش لەسەر ئەو کەسانە کراوە کە پێنەکەوتنی لاکتۆزیان هەیە و تێیدا دەرکەوتووە، کە ئەم کەسانە شەوان زیاتر خەوی ناخۆش دەبینن.
توێژەران دەڵێن بە گشتی زۆرینەی مرۆڤەکان پێنەکەوتنی لاکتۆزیان هەیە، بەڵام تەنیا بەشێکی کەمیان نیشانەکانیان تێدا دەردەکەوێت.
هەربۆیە توێژەران پێشنیاز دەکەن شەوان لە نزیک کاتی خەوتندا بەرهەمە شیرەمەنییەکان نەخورێن و نەخورێنەوە، ئەمەش بۆئەوەی خەوێکی باشتریان هەبێت و دووربن لە ناڕەحەتی و خەوی ناخۆش.
02/07/2025