چیرۆکی ئەو پیاوەی جیهانی لە جەنگی ئەتۆمیی دەرباز کرد

لەمیانی جەنگی سارددا و بەدیاریکراوییش لە ساڵی 1983، ستانیسلاڤ پێترۆڤی ئەندازیار، کە بە پلەی سەربازیی سەرهەنگی دووەم، خزمەتی یەکێتیی سۆڤیەتی کردووە، رێگر بوو لەبەردەم هەڵگیرسانی جەنگی ئەتۆمیی لەنێوان یەکێتییەکە و ئەمریکا.
رێکەوتی 26ـی ئەیلوولی 1983، ئەوکاتەی پێترۆڤ فەرماندەی بنکەیەکی ئاگادارکردنەوەی هێرشی ئەتۆمیی دەبێت، پێنج جار زەنگی ئاگادارکەرەوە، لەڕێگەی مانگە دەستکردەکانەوە ئاڕاستەی بنکەکەی دەکرێت، پێترۆڤ تەنها 15 خولەک لەبەردەم بڕیاردان بوو بۆ وەڵامدانەوەی هێرشەکان.

بەڵام لەمیانی بیرکردنەوەدا، بە خۆی دەڵێت، سەتڵێکی گەورە بە کەوچکێکی بچوک پڕناکرێتەوە، وەکو ئاماژەیەک بۆ ئەوەی؛ گەر ئەمریکا ویستی هێرشی ئەتۆمیی هەبێت، تەنها بە پێنج مووشەک پڕۆسەکە ئەنجامنادات و هەزاران مووشەکی دیکەش بەکاردەهێنێت.
بەشێوەیەکی ئەندازەیی، گەیشتنی مووشەکەکان لە ئەمریکاوە بۆ یەکێتیی سۆڤیەت، 15 خولەکی دەخایەند، پێترۆڤ ئەم ماوەیە بە درێژترین ساتی ژیانی وەسفدەکات، ناچار بووە بە بێدەنگیی چاوەڕوانی گەیشتنی مووشەکەکان بکات، پاش تێپەڕینی کاتەکە و روونەدانی هیچ مەرگەساتێک، بڕیارە دروستەکەی بۆ یەکلایی بووەوە.

پێترۆڤ بۆچی بڕیاری نەدا وەڵامی هێرشەکان بداتەوە؟
بەو هۆکارەی پێترۆڤ ئەندازیارێکی شارەزا بووە، هەستی بە گومان کرد لەو زەنگە دوابەدوایەکانەی ئاڕاستەی بنکەکەی کراون، متمانەی تەواوەتیی بە کۆمپیوتەرەکان نەبوو، گەرچی لەژێر فشار و ترسێکی زۆردا بوو، بەڵام بڕیاری دا وەڵام نەداتەوە و چاوەڕوانی دەرئەنجامەکان بکات، پاش تێپەڕینی ماوەیەک بەسەر ئەم ئاڵنگارییەدا، روون بووەوە، ئەو ساتەی مانگە دەستکردەکانی یەکێتیی سۆڤیەت چاودێریی پێگەی مووشەکە بالیستییەکانی ئەمریکایان کردووە، گەرمیی شەپۆلی رووناکیی خۆریان بەهۆی تیشکدانەوەی چەند پەڵە هەورێکەوە پێگەیشتووە و وەکو زەنگ و مەترسیی هێرشی مووشەکیی لێکدانەوەیان بۆ کردووە.

پێترۆڤ لەڕێگەی زیرەکییەکەی لە تێگەیشتنی تەکنەلۆجیا و کێشەکانی، بڕیارێکی ژیرانەی دا بۆ پاراستنی ژیانی سەدان ملیۆن کەس، وەکو خۆی ئاماژەی پێدەدا؛ "نەمدەویست ببم بە هۆکاری سەرهەڵدانی جەنگێکی ئەتۆمیی کە تاهەتایەک باسبکرێت".

ئەم رووداوەی پێترۆڤ بۆ ساڵانێکی زۆر لە یەکێتیی سۆڤیەت بە نهێنیی مایەوە و وێڕای ستایشکردن سەرزەنشتیان کرد بە جێبەجێنەکردنی رێکارە پێویستەکانی بەرگری، بەڵام پاش بڵابوونەوەی چیرۆکەکەی لە ئاستی جیهانییدا، وڵاتانی رۆژئاوا ستایشێکی گەورەیان کرد، پاش کۆتاییهاتنی جەنگی سارد لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، لەلایەن یەکێتیی هاوڵاتییانی جیهانییەوە خەڵاتی پێبەخشرا، ساڵی 2006 لە نەتەوە یەکگرتووەکان لەلایەن سەدان کەسەوە سوپاسکرا و چەند بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی بەرهەمهاتن.

لە مانگی ئایاری 2017، بە بێدەنگی، لە سایەی ژیانێکی ئارام و سادەدا، لە تەمەنی 77 ساڵییدا و لە رووسیا کۆچی دوایی کرد و تاوەکو چەند مانگێک، کەس ئاگاداری مردنی ئەو پیاوە نەبوو کە جیهانی لە جەنگی ئەتۆمیی دەرباز کرد.

03/07/2025