دیۆگۆ جۆتا لە تەمەنی 28 ساڵیدا کۆچی دواییکرد

دیۆگۆ جۆتای پۆرتوگالی و یاریزانی یانەی لیڤەرپووڵ بە کارەساتێکی دڵتەزێن خۆی و براکەشی گیانیانلەدەستدا

ئەمڕۆ 3-7ـی 2025، پێنجشەممە، بە نزیکەی کاتژمێر 11:30 بەکاتی هەرێمی کوردستان، هەواڵی کۆچی دوایی ئەستێرەی پۆرتوگال و لیڤەرپووڵ دیۆگۆ جۆتا بڵاوبووەوە، کە لە رووداوێکی هاتوچۆدا خۆی و براکە گیانیانلەدەستدا.
رۆژنامەی مارکا دەڵێت، جۆتای تەمەن 28 ساڵ و ئەندرێ سیلڤای برای کە 26 ساڵە، بەیەکەوە لە ئۆتۆمبێلدا بوون و لە رێڕەوی شەقام دەرچوون و ئۆتۆمبێلەکەیان گڕی گرتووە.
بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان بێت، رووداوەکە هێندە گەورەیە و ئۆتۆمبێلەکەش سووتاوە، بۆیە چاوەڕێی راپۆرتی پزیشکی دەکەن، کە ماوەیەکی زۆری پێدەچێت.
رووداوەکە لە ناوچەی زامورای لە سانابریای ئیسپانیا روویداوە، تاوەکو ئێستا ساتی رووداوەکە بە دیارییکراوی بڵاونەکراوەتەوە، بەڵام دەگوترێت بە نزیکەی کاتژمێر 11:20 بۆ 11:30 روویداوە و دەستبەجێ هەردووکیان گیانیانلەدەستداوە.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت: "فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگال دڵگرانە بە گیانلەدەستدانی دیۆگۆ جۆتا و ئاندرێ سیلڤای برای، کە بەیانی ئەمڕۆ لە ئیسپانیا دووچاری رووداوی هاتوچۆبوون.
جۆتا زۆر لەوە زیاتر بوو کە یاریزانێکی ناوازە بێت، نزیکەی 50 یاریی بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئەنجامدا، کەسێکی نائاسایی بوو، لەلایەن هەموو هاوڕێ و ڕکابەرەکانییەوە رێزی لێدەگیرا، نموونەیەک بوو لەناو هاوڕێ و خێزانەکەیدا.
بەناوی خۆمان و فیدراسیۆنی تۆپی پێی پۆرتوگالەوە، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆمان ئاراستەی خانەوادە و هاوڕێیانی دیۆگۆ و ئەندرێ سیلڤا، هاوکات یانەکانی لیڤەرپووڵ و پیناڤیڵ دەکەین، ئەو یانانەی کە یاریزانەکە باشترین ئاستی لەگەڵیاندا پێشکەشکردووە."
دیۆگۆ خۆزێ جۆتا، لە 4ـی دیسەمبەری 1996 لە پۆرتۆی پۆرتوگال لە دایکبووە، باڵای 178 سانتیمەترە و بە ستایلە خاوێنەکەی، پچڕانی تۆپ و خێرایی لە یارییکردندا ناسرابوو.
جۆتا لە هەڵبژاردەی پێگەیشتووان و تازە پێگەیشتووان و خوار 21 ساڵان یاریی کردووە، یاریی بۆ یانەکانی پاچۆس دێ فێرێرا، پۆرتۆ و وڵڤەرهامپتۆن و لیڤەرپووڵ کردووە.
بە یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی لیڤەرپووڵ دادەنرێت کە لە 2020 پەیوەندی بە یانەکەوە کرد.
شایەنی باشە جۆتا، ماوەی دوو هەفتەیە ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە و کە خاوەنی سێ منداڵە، بۆ گەشت لەگەڵ خێزانەکەی و براکەشی چوونە ئیسپانیا، بەڵام مردن بەرۆکی گرتن و برینێکی گەورەی بۆ هاندەرانی تۆپی پێ جێهێشت