سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیی عێراق سوێندى یاسایی خوارد

دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیى عێراق، لەپاش سوێندخواردنی لەبەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق
دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیى عێراق، لەپاش سوێندخواردنی لەبەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق

دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیى عێراق، لە کۆشکى سەرۆکایەتی لە بەغداد، لەبەردەم لەتیف رەشید، سەرۆککۆمارى عێراق سوێندى یاسایی خوارد.

سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، سەرۆککۆمارى عێراق، وێڕای پیرۆزبایی لە دادوەر مونزر حسێن، بۆ دەستبەکاربوونى وەک سەرۆکى نوێى دادگاى فیدڕاڵى، ئاماژەى بە رۆڵى گرنگی دادگا کرد، لە پاراستنى پرۆسەى دیموکراسى و جیاکردنەوەى دەسەڵاتەکان.

سەرۆککۆمارى عێراق، دووپاتیشیکردووەتەوە، رێزگرتن لە دەستوور و پەنابردن بۆ بڕگەکانى کۆڵەکەیەکى گرنگن بۆ بونیادنانى دەوڵەتێکى سەقامگیر و دادپەروەر، لەسەر بنەماى سەروەریی یاسا و دەستەبەرکردنى ماف و ئازادییەکان.

لە بەرامبەردا، سەرۆکى نوێى دادگاى فیدراڵیى عێراق، سوپاسی سەرۆککۆماری کرد بۆ پشتیوانى لە سەربەخۆیی دادگا، جەختیشیکردەوە، لە پابەندبوونى بە بڕگەکانى دەستوور و یاسا و دەستەبەرکردنى سەربەخۆیی دادگا و پاراستنى لەهەر دەستوەردانێک.

دادوەر مونزر ئیبراهیم حسێن:

- ساڵی 1963 لە بەغداد لەدایکبووە

- لە ساڵى 1989 بڕوانامەی لە کۆلێجی یاسای زانکۆی بەغداد بەدەستهێناوە

- لە ساڵى 1998 خولی 21ی پەیمانگای دادوەری تەواوکردووە

- لە ساڵى 2018ـەوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەى فیدراڵی کار دەکات

- جێگری سەرۆکی دادگای تێهەڵچوونەوە بووە

- ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵی بوو