پارێزگاى هەڵەبجە راگەیەندراوێکى لە بارەى ماتۆڕسکیل و ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا بڵاوکردەوە

لیژنەى ئەمنیى پارێزگاى هەڵەبجە، ئاگادارییەکی بۆ خاوەن ئۆتۆمبێلە بێسەرەتاکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەبێـت لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی شارەزوور بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن، دەشڵێت، ئۆتۆمبێلى بێسەرەتا و جامڕەش رێگەپێدراو نییە.
ئەمڕۆ 3ی تەمموز، لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەڵەبجە کۆبووەوە و چەند بڕیارێکی پەسەند کرد و لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەو شوفێرانەی ئۆتۆمبێلەکانیان بێسەرەتان تاوەکو ئێستا ناساندنیان بۆ نەکردوون، ، پێویستە لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور بکەن و ئۆتۆمبێلەکانیان بناسێنن، و پابەندی سەرجەم رێنماییەکانی هاتووچۆ بن.
لەبارەى ئەو ئۆتۆمبێلانەی بێسەرەتان و جامیان رەشە ، لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە و رێوشوێنى تەواویان لەلایەن لیژنەی ئەمنییەوە بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
هەروەها، ئەو ماتۆڕسکیلانەی کە کاری دلیڤەریی دەکەن، خاوەن کارەکانیان ئاگادار دەکەنەوە، لە شەقامی سەرەکیدا بە هیچ شێوەیەک رێگەپێدراو نییە ماتۆڕسکیلەکانیان پارک بکەن، بەڵکو پێویستە بخرێتە گەراجی تایبەتەوە.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، لیژنەى ئەمنى پارێزگاى هەڵەبجە، ئاگادارى سەرجەم دانیشتووانی سنووری پارێزگاکە دەکاتەوە، ئەو شوفێرانەی خاوەنی ماتۆڕسکیل یاخود ئۆتۆمبێلی بێسەرەتان، پێویستە پابەندبن بە بڕیارەکانی لیژنەی ئەمنی، بە پێچەوانەوە رێوشوێنى تەواو و سزای توند دەدرێن.
03/07/2025