فەڕەنسا: سزادانی ئێران پەیوەستە بە چارەنووسی دەستگیرکراوەکانمان

ژان نوێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند، بڕیاری وڵاتەکەی بۆ سەپاندنەوەی سزا بەسەر ئێراندا پەیوەستە بە چارەنووسی ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییەی بە تۆمەتی سیخوڕی ماوەی سێ ساڵە لە تاران دەستگیرکراون.
بارۆت، کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئازادکردنی "سیسیل کۆلەر و جاک پاریس" لەپێشینەی کارەکانیاندایە، گوتیشی "دەرکردنی هەر بڕیارێک سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا، وابەستەیە بە چارەنووسی ئەو هاوڵاتییانەیانەوە".
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەکرد، تاوەکو ئێستا هیچ ئاگادارییەکی فەرمیان لە دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە پێنەگەیشتووە، سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە کراون، گوتیشی "تۆمەتەکانی وابەستە بە سیخوڕی بە تەواوی ناڕەوا و پووچەڵن" لەکاتێکدا کەسوکاری دەستگیرکراوان رایانگەیاند، حکومەتی ئێران دەربارەی تۆمەتەکان ئەو دوو هاوڵاتییە فەڕەنسییە ئاگاداریکردوونەتەوە و دەستگیرکراوان تۆمەتبار کراون بە "سیخوڕی بۆ مۆسادی ئیسرائیل و پیلانگێڕی دژ بە دەسەڵاتی ئێران و بڵاوکردنەوەى گەندەڵى، کە هەریەک لەوانە لە یاساکانی ئێراندا سزای لەسێدارەدانیان هەیە.
"کۆلەر و پاریس" لە مانگی ئایاری 2022دا لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە دەستگیرکراون، تاوەکو ئێستا چەندین جار حکومەتی فەڕەنسا داوای ئازادکردنی کردوون، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران ئامادە نەبوون ئازادیان بکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەهۆی ناکۆکی لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی، وڵاتانی ئەوروپا هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراندا دەکەن.
_
03/07/2025