لیژنەیەک بۆ پێداچوونەوە بە دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکوک پێکهێنرا

رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک، رایگەیاند، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە هاوسەنگی پۆستەکان لە فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان لە سەرجەم شارەدێکانى کەرکوک.
پارێزگارى کەرکوک، لە وەڵامى ناڕەزایی ژمارەیەک لە لایەنگرانى تورکمانى لە دابەشکردنى پۆستەکانى شارەدێى پردێ، پەیامێکى بڵاوکردەوەو رایگەیاند، بە سەرۆکایەتیی سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ پێداچوونەوە بە پۆستەکان لە سەرجەم شارەدێکانى کەرکوک و جارێکى دیکە سەرجەم پۆستەکان بە هاوسەنگى لە نێوان پێکهاتەکان دابەشدەکەنەوە.
پارێزگارى کەرکوک، گوتیشى، گۆڕینى بەڕێوەبەرى شارەوانى پردێ کە کورد بووە و دانانى کوردێکى دیکە لە جێگەى بووەتە هۆى سەرهەڵدانى ناڕەزاییەکان و رێز لە نیگەرانییەکانیان دەگرن، وەکو ئیدارەى کەرکوک دەسەڵاتى کۆمەڵێک گۆڕانکارییان هەیە.
ئەو لیژنەیەی پێکهێنراوە، هەشت ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تیادایە، کە بریتین لە سێ ئەندامی کورد، دوو ئەندامی عەرەب، دوو ئەندامی تورکمان و ئەندامێکی کریستیان.
ئەندامانی لیژنەکە نوێنەری ئەو فراکسیۆنانەشی تیادایە، کە بایکۆتی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکوکیان کردووە.
پێکهێنانی ئەو لیژنەیەی ئەنجوومەنی پارێزگا، پاش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانی پێکهاتەی تورکمانی دێت لە شارەدێی پردێ، بەهۆی گۆڕینى بەڕێوەبەرى شارەوانى کە پۆستەکە لە کەسێکى کوردەوە دراوەتەوە بە کوردێکى دیکە، بەڵام تورکمانەکان داواى پۆستى زیاتر لە شارەدێکە دەکەن.
03/07/2025