پوتن بۆ ترەمپ: ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران دیپلۆماسییانە چارەسەربکرێن

ڤیلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ ئۆکرانیا دەربڕی، هاوکات بە ترەمپ راگەیاند، پێویستە گرژی و ناکۆکییەکان لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشێوازی دیپلۆماسییانە چارەسەر بکرێن.
کۆشکی کرێملن لە راگەیەندراوێکدا ناوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی پوتنی لەگەڵ ترەمپ بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، سەرۆکی رووسیا، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ درێژەدان بە دانوستانەکان لەگەڵ کیێڤ دەربڕیوە و جەختیشیکردووەتەوە، رووسیا دەستبەرداری ئامانجەکانی لە ئۆکرانیا نابێت.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا کە نزیکەی کاتژمێرێکی خایاندووە، پوتن ترەمپی ئاگادارکردەوە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گەڕان بەدوای چارەسەری ئاشتییانەی قەیرانی ئۆکرانیا، هاوکات باسیان لە پێشهاتەکانی سووریا و پرسەکانی پەیوەست بە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و سەرۆکی رووسیا جەختی لە چارەسەرکردنی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی دیپلۆماسی و سیاسییەوە کردووەتەوە.
هاوکات یوری ئوشاکۆڤ، راوێژکاری پوتن، لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سەرۆکی رووسیا بە هاوتا ئەمریکییەکەی راگەیاندووە، وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، بۆ نەهێشتنی ئەو هۆکارانەی بوونەتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ و کەوتنەوەی ئەم دۆخەی ئێستا.
راوێژکارەکەی پوتن دەشڵێت، هەردووک سەرۆک جەختیان لە گرنگی درێژەدان بە دانوستانە دووقۆڵی و راستەوخۆکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا کردووەتەوە و باسیان لە پرسی ئاگربەست لە ئۆکرانیا کردووە.
03/07/2025