سەرچاوەیەکى ئەمنى: درۆنێک لە کەرکوک کەوتەخوارەوە

سەرچاوەیەکى ئەمنى لە کەرکوک بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەمشەو لەنێوان گەڕەکى بەدر و دێى بڵاوا درۆنێک کەوتەخوارەوە، بەڵام زیانى گیانى بە دواوە نەبووە.
ئەوە دووەم حاڵەتى ئەمنییە لە کەرکوک لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا تۆماردەکرێت، شەوى 30ـی حوزەیرانیش، چوار موشەک لە دوو شوێنى شارەکە کەوتنەخوارەوە و بەهۆیانەوە کەسێک بریندار بوو، سێ لە موشەکەکان لە نزیک فڕۆکەخانەى کەرکوک و یەکێکیشیان لەسەر بانى ماڵێک لە گەڕەکى عروبە کەوتەخوارەوە.
لە ناوچەکانى دیکەش کەوتنەخوارەوەى درۆن و موشەک لە رۆژانى رابردوودا تۆمارکراوە، کە دواهەمیشنیان نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەش، لەنێوان شارەدێیەکانى سەرقەڵا و کۆکس لە گەرمیان، درۆنێک کەوتەخوارەوە.
شەوى یەک لەسەر دووى حوزەیرانیش لەناوچەى تاسڵوجەى سلێمانى دوو درۆن کەوتنە خوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتەوە.
پێشتریش لە شارەدێى دەرکار لە ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ، درۆنێک کەوتەخوارەوە، هەرچەندە زیانى گیانیى نەبوو، بەڵام بەشێکى کابینەى خوێندنگەى کامپى شارەدێکە سوتا.
03/07/2025