وادەى یەکەم بۆ چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە دیاریکرا

کەناڵ8 04/07/2025
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە - AP
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە - AP

پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" کە مانگى ئایار بڕیارى چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی داوە، رایگەیاند، یەکەم گرووپی ئەندامەکانیان لە سنوورى سلێمانى چەکەکانیان رادەستدەکەن، ئەوەش دەستپێکى هەنگاوی کردارییە بۆ چەکدانان وەک بەشێک لە پرۆسەی ئاشتی.

ئاژانسى ئەسیۆشییەتید پرێس بڵاویکردەوە، بڕیارە رێوڕەسمى چەکدانان لەنێوان 10 تاوەکو 12ـی تەمموز لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت. لەو بارەیەوە، زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی"کەجەکە، بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە، "گەریلاکان لە ژێر چاودێری رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکان" چەکەکانیان لەناودەبەن. گوتیشى "تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو گەریلایانە دیارینەکراوە کە بەشداری دەکەن، بەڵام رەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 گەریلا بێت".

زاگرۆس هیوا ئاماژەى بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی پەکەکە هەنگاوی زیاتر بەرەو چەکدانان بنێت، دەبێت "گۆشەگیری" سەر ئۆجالان لە زینداندا هەڵبوەشێتەوە و رێکارى دەستووری و یاسایی و سیاسیش بگیرێتەبەر بۆ ئەوەی "گرەنتى بدرێت ئەو گەریلایانەی دەستبەرداری ستراتیجی خەباتی چەکداری بوون، دووبارە تێکەڵ بە ژیانى سیاسى و دیموکراسی لە تورکیادا بکرێنەوە".

بەرپرسێک لە هەرێمى کوردستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسەکەى راگەیاندووە، رێککەوتنێک کراوە بۆ "لەناوبردنی رەمزی هەندێک چەکی سوک، بە مەبەستی دڵنیاکردنەوەی تورکەکان"، ئەوەش بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت.

پارتی کرێکارانی کوردستان، رۆژی 12ـی ئایاری 2025 رایگەیاند، رۆژانی 5-7ـی ئایار کۆنگرەی بەست و لەسەر بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە.

کەناڵ8

04/07/2025