رووسیا وەک یەکەم وڵات دانینا بە حکومەتی تاڵیبان

حکومەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان رایگەیاند، رووسیا بووەتە یەکەم وڵات کە بە فەرمی دان بە دەسەڵاتەکەیدا بنێت، ئەوەش بە بڕیارێکی بوێرانە وەسفکردووە.
ئەم لێدوانەی حکومەتی تاڵیبان پاش کۆبوونەوەی نێوان ئەمیرخان موتەقی وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان و دیمیتری ژێرنۆڤ باڵیۆزی رووسیا لە ئەفغانستان لە کابول هات.
وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان دەڵێت: "ئەم بڕیارە بوێرانەی رووسیا دەبێتە نموونەیەک بۆ ئەوانی دیکە کە پرۆسەی دانپێدانانیان دەستیپێکردووە".
هەروەها دیمیتری ژیرنۆڤ، باڵیۆزی رووسیا رایگەیاند، ڤیلادیمێر پوتین سەرۆکی رووسیا لەسەر راسپاردەی وەزیری دەرەوەی رووسیا بڕیاریدا دان بە ئیماراتی ئیسلامیی ئەفغانستاندا بنێت، لەپێناو پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا.
لە 17ی نیسانى ئەمساڵ، دادگای باڵای رووسیا راگرتنی قەدەغەکردنی چالاکییەکانی تاڵیبان لەو وڵاتەدا پەسەندکرد، وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، لابردنی تاڵیبان لە لیستى تیرۆر رێگەی کردەوە بۆ دروستکردنی هاوبەشییەکی گشتگیر لەگەڵ کابول لە بەرژەوەندیی گەلانی رووسیا و ئەفغانستان.
04/07/2025