تورکیا: بە هەستیارییەوە چاودێریی پێشهاتەکانی کەرکوک دەکەین

ئۆنجو کەچەلی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا فۆتۆ: AA
ئۆنجو کەچەلی گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا فۆتۆ: AA

ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى تورکیا راگەیەندراوێکى لەبارەى رووداوەکانى پردێ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەنزیکەوە و بە هەستیارییەوە چاودێریى پێشهاتەکانى پارێزگاى کەرکوک دەکەن.

کەچەلی ئاماژەی بەوەکردووە، "دانانى سەرۆکى شارەوانییەک کە تورکمان نییە لە ناوچەیەک کە زۆرینەى تورکمانە، ناڕەزایەتیى و بێهیوایی رەواى لاى تورکمانەکان دروستکردووە."

گوتەبێژەکەی وەزارەتى دەرەوەى تورکیا، سەقامگیریى کەرکوک بە کلیلى سەقامگیریى هەموو عێراق ناو دەبات و دەڵێت، چاوەڕوانیی تورکیا ئەوەیە، تورکمانەکان لە ناو سیاسەت و پێکهاتەی دەوڵەتی عێراق پێگەی مافی نوێنەرایەتیی شایستەی خۆیان هەبێت، بەتایبەت لە دامەزراندنی فەرمانبەران و بەرپرسان لە دامەزراوەکانی سنووری پارێزگای کەرکوکدا .

لە ناحیەی پردێی سەربە کەرکوک، لە کۆی 17 پۆستی ئیداری، 12 پۆستیان بەدەست تورکمانەوەیە و پێنج پۆستیشیان بەدەست کوردەوەیە.

ناڕەزایەتییەکانی تورکمانەکانی پردێ پاش ئەوە هات، لە جێگەی سەرۆکی پێشووی شارەوانیی پردێ کە کورد بوو، کوردێکی دیکە بۆ سەرۆکی نوێی شارەوانیی دانرا، ئەوەش ناڕەزایەتیی لای تورکمانەکان دروستکردووە و دەڵێن، لەبەرئەوەی بەڕێوەبەری پۆلیس و ناحیە کوردن، پێویستە سەرۆکی شارەوانیی تورکمان بێت.

بۆ چارەسەرى پرسەکە، رێبوار تەها، پارێزگارى کەرکوک، رایگەیاند، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا، لیژنەیەکی پێکهێناوە بۆ پێداچوونەوە بە هاوسەنگی پۆستەکان لە فەرمانگە و یەکە کارگێڕییەکان، لە سنووری کەرکوک.