مەسعود پزیشکیان لە ئازەربایجانە

مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران و شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بۆ بەشداری لە 17 ـەمین لوتکەی رێکخراوی هاریکاری ئابووری "ئاکو" سەردانى شاری خانەکەندی کۆماری ئازەربایجانى کرد.
پێش بەرێکەوتنی بۆ وڵاتەکە سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، لوتکەکە دەرفەتێکی باش و زەمینەی لەبار بۆ هەماهەنگى زیاتر لە بوارەکانی ئابووریـ کۆمەڵایەتی و سیاسی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکە دەرەخسێنێت.
پزیشکیان گوتیشی "ئامانجی ئێمە لەم گەشتە بەهێزکردنی هەماهەنگی سیاسی و ئابوورییە لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ". بەگوتەى پزیشکیان "تاوەکو هەماهەنگی و هاوکارییەکانیان زیاتر بێت چاوتێبڕینى دوژمن بۆ نائارامکردنی ناوچەکە کەمدەبێتەوە".
ساڵانێکە گرژى لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان هەیە، ئەویش بەهۆی نزیکی باکۆ لە ئیسرائیل و هێرشەکانی مانگی کانوونی دووەمی 2023 بۆسەر باڵیۆزخانەی ئازەربایجان لە تاران.
رۆژێک پاش دەستپێکردنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، باکۆ دڵنیایی دایە تاران کە رێگە نادات خاکەکەی بۆ هێرشکردنە سەر "وڵاتانی سێیەم، لەنێویاندا ئێران کە وڵاتێکی دۆستە" بەکاربهێنرێت.
تاران، پێشتر مەترسى خۆی پیشاندابوو ئیسرائیل کە یەکێکە لە گەورەترین دابینکەرانی چەک بۆ باکۆ، دەتوانێت خاکی ئازەربایجان بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر ئێران بەکاربهێنێت.
پاش راگرتنى جەنگى 12 رۆژە، ئیلهام عەلیێڤ سەرۆککۆمارى ئازەربایجان، بە تەلەفۆن قسەى لەگەڵ مەسعود پزیشکیان کرد.
سەرۆکایەتیی ئێران، بڵاویکردەوە پزیشکیان داوای لە ئازەربایجان کردووە لێکۆڵینەوە لەو هەواڵانە بکات کە باس لەوە دەکەن ئیسرائیل "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی هێرشبەرى بچووکی لە ئاسمانی باکۆوە بۆ ناو ئێران" هەڵداوە.
عەلیێڤ، راستی ئەو زانیارییانەى رەتکردووەتەوە و جەختی لەوەکردەوە "حکومەتی ئازەربایجان لە هیچ بارودۆخێکدا رێگە نادات ئاسمانی وڵاتەکەی لە دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە وڵاتێکی دۆست و برایە بەکاربهێنرێت".
04/07/2025