کۆنگرێسی ئەمریکا پرۆژەیاسای بودجەی پەسەند کرد

پاش ئەنجوومەنی پیران، ئەنجوومەنی نوێنەرانى ئەمریکاش پرۆژەیاسای بودجەی پێشنیارکراوی دۆناڵد ترەمپی پەسەندکرد، کە کەمکردنەوەی باج لەخۆی دەگرێت و بەردی بناغەی بەرنامە ئابوورییەکەیەتى.
ئەنجوومەنی نوێنەرانى ئەمریکا پرۆژە یاساى بودجەى پەسەندکرد، کە لە 869 لاپەڕە پێکهاتووە و ترەمپ ناوی بردووە بە "پرۆژەیاسایەکی گەورە و جوان".
کۆشکی سپی لە پۆستێکدا لە تویتەر ستایشی پەسەندکردنى پرۆژەیاساى بودجەى کرد و بە "سەرکەوتن" ناویبرد.
کارۆلاین لیڤیت، سکرتێری رۆژنامەوانیی کۆشکی سپی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، رۆژى هەینى لە مەراسیمێکی گەورەدا پرۆژەیاساى بودجە واژۆدەکات.
پرۆژەیاساکە بەردی بناغەی بەرنامە ئابوورییەکەی ترەمپ پێکدەهێنێت و پەسەندکردنەکەشی لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانەوە دەبێتە یەکەم سەرکەوتنی ترەمپ لە بواری یاساداناندا لە ویلایەتی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا.
بەگوێرەى پێشبینییەکان، پرۆژەیاساکە تاوەکو ساڵی 2034 قەرزی نیشتمانی زیاتر لە سێ تریلیۆن و 400 ملیار دۆلار زیاد دەکات، لەکاتێکدا پرۆژەیاساکە بریتییە لە کەمکردنەوەی باج بەشێوەیەکی گشتی کە تێچووەکەى چوار تریلیۆن و 500 ملیار دۆلارە.
سێ شەممەی رابردوو پرۆژەیاساکە بە دەنگی یەکلاکەرەوەی جەی دی ڤانس جێگری ترەمپ لە ئەنجوومەنی پیران پەسەندکرا، دوای ئەوەی هەردوو دەنگی بەڵێ و نەخێر بە 50-50 یەکسانبوون.
04/07/2025