لە ئیکوادۆر دەست بەسەر سێ تۆن ماددەی هۆشبەردا گیرا

دەستبەسەراگرتنی بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر لە ئیکوادۆر فۆتۆ: AP
دەستبەسەراگرتنی بڕێکی زۆر لە مادەی هۆشبەر لە ئیکوادۆر فۆتۆ: AP

دەسەڵاتدارانی ئیکوادۆر رایانگەیاند دەستیان بەسەر نزیکەی سێ تۆن مادەی هۆشبەرى مافیای ئەلبانیادا گرتووە، کە پەیوەندییان بە باندە ناوخۆییەکان و "کارتێلەکان یاخود هاوپەیمانە"کانـى ماددە هۆشبەر لە کۆڵۆمبیا و مەکسیک هەیە.

وەزارەتی بەرگریی ئیکوادۆر لە شاری کیتۆ رایگەیاندووە، بە دەستبەسەرداگرتنی ئەم بڕە زۆرەی ماددە هۆشبەرەکان، "زەبرێکى توندیان لە مافیای ئەلبانیا" داوە.

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکرد، دەستبەسەرداگرتنەکە لە کاتی هەڵکوتانە سەر کێڵگەیەک لە گوایاکیل روویداوە کە شارێکی کەناری باشووری رۆژئاوایە و ناوەندێکی سەرەکی بە قاچاغبردنى ماددە هۆشبەرەکانە بۆ ئەمریکا و ئەوروپا.

ڤیکتۆر ئۆردۆنیز، بەرپرسی پۆلیسی گوایاکیل بە رۆژنامەوانانى راگەیاند، یەکەکانی پۆلیس و سوپا ئەو بارە گەورەیەی ماددە هۆشبەرەکانیان دۆزیوەتەوە کە لەناو سندوقەکانی مۆزدا شاردراوەتەوە.

لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی ئێکس، وەزارەتی بەرگری رایگەیاندووە، "پێنج کەس کە گومانیان لێدەکرێت پەیوەندییان بە مافیای ئەلبانیاوە" لە کاتی هەڵمەتەکەدا دەستگیرکراون.

73%ـی کۆکاینى جیهان لە ئیکوادۆرەوە تێدەپەڕێت، لە ساڵی 2024دا دەستبەسەر 294 تۆن لەو ماددە هۆشبەرەدا گرتووە کە ژمارەیەکی پێوانەیی بووە، لەکاتێکدا لە ساڵی 2023دا 221 تۆن بووە.

توندوتیژی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان بووەتە هۆی ئەوەی رێژەی کوشتن بەرزبێتەوە، بە جۆرێک لە هەر 100 هەزار کەسێک لە ساڵی 2018دا شەش کەس کوژراون، بەڵام لە ساڵی 2024 بۆ 28 کەس بەرزبووەتەوە.