موقتەدا سەدر جەختی لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن کردەوە
کەناڵ8 04/07/2025

سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە، جەختی لە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق کردەوە و راشیگەیاند، دەبێت چەک تەنیا بەدەست دەوڵەتەوە بێت.
موقتەدا سەدر سەرۆکی رەوتی نیشتمانیی شیعە لە نوسراوێکی دەستنوسدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و تیايدا هاتووە "راستی بەرقەرارنابێت و ناڕەوایی کۆتایی نایەت، تەنیا لە رێگەی کۆنترۆڵکردنی چەکەوە لە لایەن دەوڵەت و هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و بەهێزکردنی سوپاوە نەبێت".
موقتەدا سەدر راشیگەیاندووە، "دەبێت عێراق سەربەخۆ بێت و سەروەری پارێزراوبێت و پاشکۆ نەبێت و کاری جدیش بکرێت بۆ چاکسازیی و سزادانی گەندەڵکاران".
ئەوەش لە کاتێکدایە، سێ ساڵ پێشتر و لە ساڵی 2022 موقتەدا سەدر بڕیاریدا لە پرۆسەی سیاسی و پەرلەمانی عێراق بکشێتەوە و بەشداری دوا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیشی لە عێراق نەکرد کە لەساڵی 2023 ئەنجامدا.
کەناڵ8
04/07/2025