خالید شوانى: کلیلى چارەسەرى کێشەى مووچە پابەندبوونە بە رێککەوتنەکان

خالید شوانى، وەزیرى دادى عێراق لە میانى بەشداریکردنى لەبەرنامەى پێچ و پەنا کە تایبەت بوو بە کێشەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، کلیلى چارەسەرى کێشەى مووچە پابەندبوونە بە رێککەوتنەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێمى کوردستان.

دەشڵێت: لەو بڕوایەدان کە پێویستە دۆسیەى نەوت لە مووچەى مووچەخۆران جیابکرێتەوە کە مافێکى دەستوورى و یاساى خۆیانە.

خالید شوانى، ئاماژەى بەوەشکرد، لە دوایین کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت، کە وەک نوێنەرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان بەشدارى کردووە، داواى خەرجکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستانیانى کردووە.

راگرتنى خەرجکردنى مووچە بە بڕیارێکى نالۆجیکى ناودەبات و بە پێویستى دەزانێت حکومەتى فیدراڵ کێشەکە لەگەڵ حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەر بکات نەک مووچەى مووچەخۆران رابگرێت.

بەگوتەى خالید شوانى، هەڵوێستى سەرۆکوەزیرانى عێراق لە بارەى مووچەوە ئەرێنییە و بە پێویستى زانیوە چارەسەرێک بۆ کێشەى مووچە بدۆزرێتەوە و مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بێمووچە نەبن.