دادگای باڵای ئەمریکا دیپۆرتکردنی کۆچبەرانی بۆ باشووری سودان پەسەند کرد

دادگای باڵای ئەمریکا لە فەرمانێکدا دیپۆرتکردنەوەی هەشت کۆچبەری نایاسایى بۆ باشووری سودان پەسەند کرد، کە لە مانگی ئایاردا بڕیاردرابوو بە دیپۆرتکردنیان بۆ وڵاتی سێیەم.
کۆچبەرەکان، دوانیان خەڵکى میانمار و دوانی دیکەشیان خەڵکی کوبا و ئەوانى دیکەش هاوڵاتییانی ڤێتنام، لائۆس، مەکسیک و باشووری سودانن.
دوای ئەوەی دادوەرێکی دادگاکە دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی راگرتبوو، بە هۆکارى ئەوەى دەرفەتى تەواوی تانەدان لە بڕیارەکەیان پێنەدرابوو، ئەمڕۆ دادگاکەی ئەمریکا بڕیاری دیپۆرتکردنی ئەو کۆچبەرانەی بۆ بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە جیبۆتی پەسەندکرد.
دە رۆژ پێشتر دادگای باڵای ئەمریکا لە فەرمانێکدا پشتگیریی لە راگواستنی کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەمی کردبوو. هەرچەندە دوو دادوەر بەناوەکانى سۆنیا سۆتۆمایۆر و کیتانجی براون جاکسۆن دژ بە بڕیارەکە وەستانەوە، بەڵام بڕیارەکان بە دەنگی زۆرینە لەو دادگایە پەسەندکران.
دەسەڵاتدارانی ئەمریکا دەڵێن ئەم هەشت کەسە بە تاوانی توندوتیژی سزا دراون و وڵاتەکانیان رازی نەبوون وەریانبگرنەوە.
ترەمپ بەرەنگاربوونەوەی کۆچبەری نایاسایی کردووەتە کارى لە پێشینەى و بەڵێنی دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایى داوە، جەخت لەوەش دەکاتەوە، لەئەگەری وەرنەگرتنەوەی کۆچبەران لە لایەن وڵاتەکەیانەوە، پێویستە دیپۆرت بکرێنەوە بۆ وڵاتانی سێیەم.
04/07/2025