لە تورکیا لە هەفتەیەکدا 624 ئاگر کەوتووەتەوە

تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نۆ ئاگری گەورە کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستا شەشیان کۆنترۆڵکراون
تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نۆ ئاگری گەورە کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستا شەشیان کۆنترۆڵکراون

ئاگری بەشێک لە دارستانەکانی تورکیا بەردەوامن، کە ماوەی چەند رۆژێکە کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستاش دوو کەس بەهۆی ئاگرەکانەوە، گیانیان لەدەستداوە.

بە گوتەی ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانی تورکیا، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، 624 ئاگر لە ناوچەکانی باکووری کوردستان و تورکیا کەوتوونەتەوە.

زۆربەی ئەو ئاگرانەی لە هەفتەی رابردوودا کەوتوونەتەوە، لە دارستانەکانی ئیزمیر، ساکاریا، هاتای، بیلەجیک، مانیسا و ئیستانبوڵ بوون.

تەنیا لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، نۆ ئاگری گەورە کەوتوونەتەوە و تاوەکو ئێستا شەشیان کۆنترۆڵکراون.

کەمال مەمیشئۆغڵو، وەزیری تەندروستیی تورکیاش رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکانی چەند رۆژی رابردووەوە، 538 کەس تەندروستییان تێکچووە و لەو ژمارەیە کەسێکیان رەوشی تەندروستی ناجێگیرە، چەند کەسێکی دیکەش لەژێر چاودێریی تەندروستییدان.

تاوەکو ئێستا ژنێکی 80 ساڵ و کارمەندێکی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، بەهۆی ئاگرەکانەوە گیانیان لەدەستداوە.

ماهینور ئۆزدەمیر گۆکتاش، وەزیری خێزان و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، لەبارەی هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی ئاگرەکانەوە گوتی، تاوەکو ئێستا بە 12 ملیۆن و 620 هەزار لیرە، هاوکاری ئەو خێزانانەیان کردووە، کە زیانیان بەرکەوتووە، بۆ ئەوەی پێداوستییە سەرەکییەکانی ژیانیان دابین بکەن.

لە ساڵانی رابردوو زۆرترین ئاگر لە پارێزگاکانی رۆژئاوا و باشووری رۆژئاوای تورکیا کەوتوونەتەوە و بەگوێرەی ئامارەکان، نیوەی ئەو ئاگرانەی لە 10 ساڵی رابردوودا کەوتوونەتەوە، لە دارستانەکانی ئیزمیر، ئەنتاڵیا و موغڵا بوون کە رووبەرێکی فراوان و چڕی دارستانیان هەیە.

لە 10 ساڵی رابردوودا، تەنیا لە سنووری پارێزگای ئەنتاڵیا، 67 هەزار و 512 ئاگر کەوتوونەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پلاتفۆرمی جیهانیی چاودێریی دارستانەکان، بەشێوەیەکی گشتیی، ساڵانە لە تورکیا ئاگری دارستانەکان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستپێدەکەن و ماوەی 17 هەفتە دەخایەنن.

لە باکووری کوردستانیش، زۆربەی ئاگرەکان لە سنووری پارێزگاکانی خارپێت، مەڕەش و روحا دەکەونەوە.

زۆربەی دارستانەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بە هۆکارە دەستکردەکان دەسوتێن و بەگوێرەی راپۆرتی ریکخراوی دارستانەکانی تورکیا، تەنیا لە ساڵی 2024، سێ هەزار و 500 هێکتار زەوی بەهۆی سوتاندنی پوش و پەڵاشی زەوییە کشتوکاڵییەکانەوە بوون بە قەرەپووت.

هەر بەگوێرەی راپۆرتەکە، 47.4٪ی هۆکاری ئاگرەکان نادریارن، 29.5٪یان بەهۆی کەمتەرخەمیی، 4.5٪یان بە مەبەست، 5.6٪ بەهۆی رووداوەوە و 13٪یان بە هۆکارە سروشتییەکان دەکەونەوە.