تۆمەتنامەی لێکۆڵینەوە لە بڕوانامەکەی ئیمامئۆغڵو ئامادەکرا

ئەکرەم ئیمامۆغڵو فۆتۆ: AP
ئەکرەم ئیمامۆغڵو فۆتۆ: AP

تۆمەتنامەی لێکۆڵینەوە لەبارەی بڕوانامەکەی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی دوورخراوە و زیندانیکراوی گەورەشارەوانیی ئیستانبوڵ تەواوکرا و داواکاری گشتیش داوای سزادانی دەکات.

وەک لە تۆمەتنامەکەدا هاتووە "داواکاری گشتیی داوای کردووە، بە تۆمەتی بەشداری لە ساختەکاریی بڕوانامەکەیدا، سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانی بەسەر ئیمامئۆغڵودا بسەپێندرێت کە ئێستا لە زیندانی سیلیڤری ئیستانبوڵە".

هاوکات داواکاری گشتیی لە تۆمەتنامەکەدا داوای کردووە، کاری سیاسی لە ئیمامئۆغڵو قەدەغە بکرێت.

لە سەرەتای لێکۆڵینەوەکان لە بڕوانامەکەی ئیمامئۆغڵو، سەرۆکایەتیی داواکاریی گشتیی ئیستانبوڵ، لەسەر بنەمای راپۆرتی دامەزراوەی خوێندنی باڵا، بە تۆمەتی "ساختەکردنی نووسراوی فەرمیی" دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد.

داواکاری گشتی داوای لە زانکۆی ئیستانبوڵ کرد، کە بڕوانامەکەی بە ئیمامئۆغڵو بەخشیوە، لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی بەدەستهێنانی بڕوانامەکە بکات.

لەسەر ئەو بنەمایە و 19ـی ئازاری 2025، زانکۆی ئیستانبوڵ بە تۆمەتی "نائامادەبوون و هەڵە"، بڕوانامەی ئیمامئۆغڵو و 27 کەسی دیکەی هەڵوەشاندەوە.

هەمان رۆژ، هێزە ئەمنییەکان ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 88 کەسی دیکەیان بە تۆمەتی تیرۆر، گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن دەستگیرکرد.

رۆژى 23ـی ئازاری 2025، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو و 88 کەسی دیکە برانە بەردەم دادوەر و بڕیاری بەندکردن بۆ ئیمامئۆغڵو و 47 کەسیان دەرکرا و 41 کەسیشیان بە مەرج ئازادکران.

رۆژێک دواتر، وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی لە کارەکەی دوورخستەوە.

رۆژی 12ـی حوزەیرانیش، پرۆسەی دادگایی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ، کە لەسەر دۆسییەى 'هەوڵدان بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر پسپۆڕێکی دادگا' بوو، بۆ 26ـی ئەیلولی ئەمساڵ دواخرا.

تاوەکو ئێستا پێنج ئۆپڕاسیۆن لەدژی سەرۆکشارەوانی و ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی ئیستانبوڵ لەسەر پشکی جەهەپە ئەنجامدراوە و ژمارەیەکیان دەستگیرکراون.