ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم: پشکنەرەکانمان ئێرانیان بەجێهێشت

ئاڵای رێکخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم فۆتۆ: AP
ئاڵای رێکخراوی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم فۆتۆ: AP

ئاژانسی نێودەوڵەتى وزەی ئەتۆم رایگەیاند، پاش راگرتنى هاوکارییەکانی تاران لەگەڵ ئاژانسەکە، بەفەرمیى پشکنەرەکانیان ئێرانیان بەرەو ڤییەنا بەجێهێشت.

ئاژانسەکە لە پۆستێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس بڵاویکردەوە، "ئەندامانی تیمی پشکنینی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، رۆژى هەینى چوارى تەمموز، بە سەلامەتی ئێرانیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بۆ بارەگاکەیان لە ڤیەننا، پاش ئەوەی بەدرێژایی ململانێ سەربازییەکانی ئەم دواییە لە تاران مابوونەوە".

هاوکات ئاژانسى بلومبێرگ، بڵاویکردووەتەوە، رێکخراوی چاودێریی ئەتۆمی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، پاش جێبەجێکردنی یاسایەکی نوێ کە چاودێریی نێودەوڵەتی بە تاوان دەزانێت، دوایین پشکنەرەکانى خۆی لە ئێران کشاندووەتەوە.

باسى لەوەشکردووە، کشانەوەی چاودێرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم بەو واتایەیە، تاوەکو ئێستا شوێنی 409 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراوى ئێران کە نزیکە لە دروستکردنى بۆمبى ئەتۆمیی، دیار نییە و 274  پشکنەری باوەڕپێکراوی ئاژانسەکە چیتر ناتوانن شوێنەکەی پشتڕاست بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پەرلەمانى ئێران لەرێگەى دەرکردنى یاسایەکەوە هاوکارییەکانى لەگەڵ ئاژانسى وزەى ئەتۆم راگرت و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆمارى ئێران یاساکەى واژۆ کرد، ئەوەش کاردانەوەى نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە.

پاش شەڕى 12رۆژەى ئێران و ئیسرائیل و راگەیاندنى ئاگربەست لە 24ـى حوزەیران، ئێران ئاژانسى نێودەوڵەتى وزەى ئەتۆمیی تۆمەتبار کرد بە گەیاندنى زانیاریی نادروست لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەى.