شانەی ئەمنی: هیچ جوڵەیەکى تاکلایەنە لە ناوچەى هاوبەشى پێشمەرگە و سوپا رووینەداوە - نوێکرایەوە

چەند سەربازێکی سوپای عێراق
چەند سەربازێکی سوپای عێراق

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق رایگەیاند، هیچ جوڵەیەکى تاکلایەنانە لە ناوچەى هاوبەشى پێشمەرگە و سوپاى عێراق رووینەداوە، فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە جموجوڵی سەربازی لە ناوچە جێناکۆکەکان رەتدەکاتەوە.

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق، لە راگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردووەتەوە، "لەو ناوچانەى کەوتوونەتە ژێر ئیدارەی هاوبەشی نێوان حکومەتی ناوەند و هەرێمى کوردستان و هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانیاریی بۆ رووبەڕووبوونەوەى تیرۆر لەنێوان هێزەکانى هەردوولا بەردەوامە".

ئاماژە بەوەشکراوە، "هیچ جموجوڵێکی تاکلایەنانە لەلایەن هیچ لایەنێکی سوپا و حەشدی شەعبی و پێشمەرگەوە نییە و هەماهەنگیی هاوبەشیان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی داهاتوو".

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق، ئەوەشى روونکردووەتەوە، "هیچ جموجوڵێک لەلایەن لایەنە سەربازییەکان لە دەرەوەی شوێنەکانی ئێستایان نییە و هەماهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی لەنێوان ناوەند و هەرێمی کوردستان بەردەوامە".

هەروەها راگەیاندنی فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگەی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "لە هەندێک تۆڕی کۆمەڵایەتیی سێبەر هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە هەندێک هێزی سەربازی و پێشمەرگە جوڵەی سەربازییان هەبووە لە هەندێک ناوچەی جێناکۆک، وەکو فەرماندەیی هێزەکانی 70 ئەو هەواڵە بێ بنەمایە رەتدەکەنەوە و رایدەگەیەنن کە هیچ جۆرە جموجوڵێکی سەربازی لای ئەوانەوە رووینەداوە".

فەرماندەیی هێزەکانی 70 دەشڵێت، هەماهەنگی تەواویان هەیە لەگەڵ سەرکردایەتیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراق و لەم رۆژانەی دواییدا کاری هاوبەشیان کردووە بۆ پوچەڵکردنەوەی مەترسی و جموجوڵەکانی تیرۆریستان، هێزی پێشمەرگە هەمیشە چاوکراوە و ئامادەن بۆ پەرچەرچدانەوەی پلانی دوژمنان و تیرۆریستان.