وەزارەتی ناوخۆ: هەواڵی هێرشکردنەسەر بنکەی ئیسرائیل لە هەولێر چەواشەکارییە

کەناڵ8 04/07/2025
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە بە درۆن هێرشکرابێتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل لە هەولێر و دەشڵێت، ئەو هێرشانە لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی ئەنجامدەدرێن.

وەزارەتی ناوخۆ لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژە بەوەکردووە، "لە چەند میدیایەکی ئەلکترۆنیی فەرمی لە ئێران، وا بڵاوکراوەتەوە کە گوایە شەوی پێنجشەممە لە هەولێر بە درۆن هێرش کراوەتە سەر بنکەیەکی سەر بە ئیسرائیل."

وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو ئەو هەواڵانە چەواشەکارین و دوورن لە راستییەوە، نە بنکەی ئیسرائیلی لە کوردستان هەن و نە ئۆپراسیۆنی وەهاش ئەنجامدراون".

وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، "شەوی پێنجشەممە درۆنێک لە ناوچەیەکی چۆڵەوانی لە نزیک هەولێر کەوتەخوارەوە. ئەم هێرشانەش لەلایەن هەندێک گرووپی سەر بە حەشدی شەعبی بە مەبەستی ئاژاوەنانەوە ئەنجام دەدرێن، پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی سنوورێک بۆ ئەم کارە تێکدەرانە دابنێن و رێکاری یاسایی بەرامبەر بە تاوانباران بگرنەبەر".

کەناڵ8

04/07/2025