فەرماندەیی هێزەکانی 70: جوڵەپێکردنی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان دوورە لە راستییەوە

چەند پێشمەرگەیەکی هێزەکانی 70
چەند پێشمەرگەیەکی هێزەکانی 70

فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەو هەواڵەی لەبارەی جوڵەپێکردنی سەربازیی هێزەکانی پێشمەرگە لە ناوچە جێناکۆکەکان بڵاوکراوەتەوە دوورە لە راستییەوە و بەردەوام لەگەڵ سەرکردایەتیی هاوبەشی هێزە عێراقییەکان هەماهەنگن.

فەرماندەیی هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە هەندێک تۆڕە کۆمەڵایەتییە سێبەرەکان هەواڵێک بڵاوکراوەتەوە کە هێزی پێشمەرگە لە چەند ناوچەیەکی جێناکۆک جوڵەی سەربازییان هەبووە.

لە راگەیەندراوی فەرماندەیی هێزەکانی 70 ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەم هەواڵە بێ بنەمایە بە تەواوی رەتدەکەینەوە و رایدەگەیەنین کە هەماهەنگی تەواومان لەگەڵ سەرکردایەتیی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی عێراق هەیە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەکانی 70ـی پێشمەرگە لەم رۆژانەی دواییدا هەمیشە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان لە پەیوەندیدابوون و کاری هاوبەشیان کردووە بۆ پووچەڵکردنەوەی جموجۆڵەکانی تیرۆریستان لە ناوچەکە.