ئەردۆغان بۆ پزیشکیان: پێویستە هەماهەنگی دژی تیرۆر بەهێز بکەین

بەشداریی ئەردۆغان و پزیشکیان لە کۆنگرەی لوتکەی بۆ بەشداری لە 17 ـەمین لوتکەی رێکخراوی هاریکاری ئابووری "ئاکو"  فۆتۆ: AFP
بەشداریی ئەردۆغان و پزیشکیان لە کۆنگرەی لوتکەی بۆ بەشداری لە 17 ـەمین لوتکەی رێکخراوی هاریکاری ئابووری "ئاکو" فۆتۆ: AFP

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە ئازەربایجان کۆبوونەوە و ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکردووە، پێویستە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکرێتە هەمیشەیی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان و مەسعود پزیشکیان، لە پەراوێزی لوتکەی 17ـی رێکخراوی هاریکاریی ئابووریی کە لە شاری خانکەندی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوە و لەپاڵ باسکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکاندا، تاوتوێی پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد.

بەگوێرەى راگەیەندراوى سەرۆکایەتیى کۆمارى تورکیا، ئەردۆغان بە پزیشکیانی راگەیاندووە، گرنگە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل بکرێتە ئارامییەکی هەمیشەیی و بەپێویستیشی زانیوە، پرسەکان بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن.

سەرۆککۆمارى تورکیا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر کارێک بکەوێتە ئەستۆی تورکیا ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی لەنێویشیاندا رۆڵی ئاسانکاری.

ئەردۆغان بە پێویستی زانیوە، ئەنقەرە و تاران هەماهەنگییان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بەهێزبکەن و جەختی لەوەشکردووەتەوە، هەر بەرەوپێشچوونێکی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، بە تایبەتییش لە بواری بازرگانیدا، لە بەرژەوەندیی ئێران و تورکیاش دەبێت.