وەزارەتی پلاندانانی عێراق قەرەتەپەى بۆ شارۆچکە گۆڕی

پاش ئەوەى وەزارەتى پلاندانانى عێراق قەرەتەپەى لە رووی کارگێڕییەوە بۆ شارۆچکە گۆڕی و شارەدێیەکانى جەبارە و كوڵەجۆ خرانەسەری، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە کەناڵ8ـى راگەیاند، ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی 140ـی دەستوورەوە، نابێت تاکلایەنانە دەستکاری بکرێن.
لە دوو ساڵی رابروودا لەسەر ئاستی پارێزگا و ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە داوا دەکرا قەرەتەپە کە سەر بە شارۆچکەی کفری بوو بکرێتە شارۆچکەیەکی سەربەخۆ و جەبارە و کوڵەجۆشی بخرێنەسەر، لە سەرەتای ئەم مانگەدا محەمەد تەمیم وەزیری پلاندانانی عێراق رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەدا.
فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، ئەو ناوچانە، ناوچەى کێشە لەسەرن، وەک لە ماددەى 140ـى دەستووردا ئاماژەی پێکراوە، هەر جۆرە گۆڕانکارییەک لە نەخشەى جوگرافى و ئیدارى بەبێ گفتوگۆى هاوبەشى هەردوو حکومەتى هەرێمى کوردستان و عێراق بەکارێکى باش نازانن، گوتیشى" بە فەرمى کێشە یاسایی و دەستورییەکانى ئەم هەنگاوە دەخەنەڕوو".
ئاماژەى بەوەشکرد، نووسراو بۆ سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و لیژنەى ماددەى 140 لە بەغداد، وەزارەتى پلاندانان و سەرۆکایەتیى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق دەکەن.
فەهمى بورهان، ئەوەشى روونکردەوە، دیمۆگرافیای قەرەتەپە و ئەو ناوچانە گۆڕانکارى زۆریان بەسەردا هاتووە، لە 10 ساڵى رابردوودا بەتایبەت لەسەردەمى شەڕى داعش و رووداوەکانى ساڵى 2017، رێژەى کورد بەشێوەیەکى بەرچاو لەو ناوچانە کەمیکردووە.
ژمارەى دانیشتووان
شارەدێکانی جەبارە و کوڵەجۆ خرانەسەر شارۆچکەی قەرەتەپە
شارۆچکەى قەرەتەپە:
46,176 کەس
شارەدێى جەبارە:
20,261
شارەدێى کوڵەجۆ
6,196
کۆى گشتیى دانیشتوان:
72,629
05/07/2025