ترەمپ: وەڵامی حەماس بۆ پێشنیازی ئاگربەست باشە

کەناڵ8 05/07/2025
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فۆتۆ: AP
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فۆتۆ: AP

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاند، وەڵامە ئەرێنییەکەی حەماس بۆ پێشنیازی ئاگربەست لە غەززە کارێکى باشە و ڕەنگە لە ماوەی هەفتەیەکدا بگەنە رێککەوتنی ئاگربەست.

سەرۆکی ئەمریکا، بە رۆژنامەوانانى راگەیاند، هەرچەندە تاوەکو ئێستا وردەکارییەکانی وەڵامی حەماسی بەدەستنەگەیشتووە، بەڵام هەر ئەوەی کە وەڵامەکەیان ئەرێنییە شتێکی باشە .

گوتیشى، هەوڵدەدەن لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بگەنە ئاگربەست لە غەززە و کۆتایی بە شەڕەکە بهێندرێت ، دەشڵێت، پێویستە لەسەریان پارە و هاوکاریی زۆر بۆ غەززە بنێرن.

بزووتنەوەی حەماس وەڵامی پێشنیازی ئەمریکای بۆ ئاگربەستی 60 رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل داوەتەوە و رایگەیاندووە، ئامادەن دەستبەجێ بچنە ناو گفتوگۆوە.

بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامەکەیدا داوای گرەنتی دەکات کە لە ماوەی ئاگربەستی 60 رۆژەدا رێککەتنی کۆتایی بە شەڕ ئەنجامبدرێت.

هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، جەختى لەوە کردووەتەوە، پێویستە چەک لە دەستى حەماس نەمێنێت.

بەهۆى شەڕى حەماس و ئیسرائیلەوە، زیاتر لە 57 هەزار فەڵەستینى لە غەززە کوژراون زیاتر لە 100 هەزارى دیکەش برینداربوون. هەروەها هەزار و 200 هاوڵاتى سڤیل و زیاتر لە 400 سەربازی ئیسرائیل کوژراون.

کەناڵ8

05/07/2025