بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەک لە پاکستان 14 کەس گیانیان لەدەستدا

تا ئێستاش گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا بەردەوامە فۆتۆ: AFP
تا ئێستاش گەڕان بە دوای قوربانییەکاندا بەردەوامە فۆتۆ: AFP

تیمە فریاگوزارییەکانی پاکستان بۆ دووەم رۆژ لەسەر یەک بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان بە دوای قوربانیانى رووخانی باڵەخانەیەکی پێنج نهۆمی، تاوەکو ئێستاش تەرمى 14 کەس لەژێر داروپەردووى باڵەخانەکەدا دۆزراونەتەوە.

عابید جەلالەدین، بەرپرسی تیمە فریاگوازرییەکانی حکومەتی پاکستان، رایگەیاند، رۆژی هەینی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە کاراچی رووخاوە و پرۆسەی گەڕانیش بە دوای قوربانیان چەندین کاتژمێری پێویستە.

پۆلیسی ناوچەکەش رایگەیاندووە،  تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی شەممە ژمارەی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە 14 کەس کە نیوەیان ژنن، هاوکار 13 برینداریش گەیەندراونەتە نەخۆشخانە.

بەرپرسانی ناوچەکە ئاماژەیان بەوەداوە، زیاتر لە 100 کەس لەو باڵەخانەیە نیشتەجێبوون، بەڵام تاوەکو ئێستا دیار نییە چەند کەس لە ژێر دارووپەردووی باڵخانەکە بەجێماوە.

لەبارەی هۆکاری رووخانی باڵەخانەکەش، میدیا پاکستانییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو ناوچەیە پێشتر شوێنی چالاکی گرووپە سەربازییەکان بووە، هاوکات رووخانی باڵەخانەش بەهۆی خراپى کوالێتى بونیادنان رووداوێکی دەگمەن نییە.