کشتوکاڵی سلێمانی: لەم وەرزەدا بەرهەمی جوتیاران پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە

جوتیار خالید، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی رایگەیاند، لەم وەرزەدا بەرهەمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان پێداویستیی ناوخۆ پڕدەکاتەوە و وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەوڵی دۆزینەوەی بازاڕی دیکەیە کە نزیکترینیان ناوەڕاست و خوارووی عێراقە.
جوتیار خالید، لە میانی بەشداریی لە بوڵتەنی کەناڵ8 روونیکردەوە یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ پاڵپشتی لە بەرهەمی جوتیاران، هاوردەى بەشێکى بەروبوومى کشتوکاڵى قەدەغە کراوە و بەشێکی دیکەشیان باجیان خراوەتەسەر.
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژەى بەوەشکرد "بە بازاڕکردنی بەرهەمی جوتیاران لە هەرێمی کوردستان پرۆسەیەکی باشە و دەکرێت باشتربکرێت، ئەوەش بە هێنانی کۆمپانیا بۆ وەرگرتنی بەرهەمی جوتیاران و وەبەرهێنان لە بوارى کشتوکاڵیدا".
باسی لەوەشکرد، زیاتر بەرهەمەکانى خەیار، تەماتە، بیبەر، شوتی و کاڵەک، رەوانەى ناوەڕاست و خوارووی عێراق دەکرێن چونکە خواستی زۆریان لەسەرە بەتایبەت بەرهەکانی سنووریی شارۆچکەى پێنجوێن.
جوتیار خالید، نیگەرانى خۆى لە نەبوونی پاڵپشتی بۆ جوتیاران دەربڕى و گوتیشی "لە هەوڵی وشیارکردنەوەی جوتیاراندان تاوەکو یەک جۆر یاخود دوو جۆر بەروبووم بەرهەمبهێنن و زەرەرمەند نەبن لە زۆری بەروبوومێک و ساغنەبوونەوەی، بەڵام جوتیاران پابەندى رێنماییەکان نابن".
05/07/2025