ئەوڕەحمانی حاجی مارف.. نیو سەدە لە خزمەتکردنی زمانی کوردییدا

دکتۆر ئەوڕەحمان حاجی مارف، زانا، نووسەر، زمانزان و زمانناسێکی دیاری کوردە، ماوەی نیو سەدە، کاری لەسەر دۆزینەوەی وشەی کوردی و بەهێزکردنی زمانەوانیی کردووە.
ساڵی 1940 لە سلێمانی لەدایکبووە، وەکو لێکۆڵەرانی بواری زمانی کوردی ئاماژەی پێ دەدەن؛ ئەوڕەحمان حاجی مارف، پاشخانێکی دەوڵەمەندی بۆ سەرچاوەی زمانی کوردی دامەزراندووە، لە سایەی لێکۆڵینەوە و وەرگێڕانەکانییەوە، خزمەتێکی گەورەی پێشکەش کردووە، زۆرێک لە دیوە شاراوەکانی هەڵداوەتەوە و ساغکردنەوەی بۆ کردوون.

پاش تەواوکردنی قۆناغی ئامادەیی خوێندن، رووی لە رووسیا کردووە و 13 ساڵ لەم وڵاتەدا، لەڕێگەی خوێندنەوەی بەرهەمی نووسەرە گەورەکانی جیهان و رووسیاوە، توانای خۆی بەرەوپێشبردووە، لە زانکۆی لێنینگراد، بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماجستێری بەدەستهێناوە، پاشان نامەی دکتۆراکەی سەبارەت بە "مێژووی فەرهەنگنووسیی کوردی و شێوازی دانانی فەرهەنگی رووسی-کوردی" تەواودەکات و بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.
ساڵی 1973 پاش گەڕانەوەی بۆ کوردستان، لە سایەی کۆڕی زانیاریی کورد، زانکۆکانی سلێمانی، ئیبن روشد و خانەقین، خزمەت بە خوێندکارانی زمان دەکات و سەرپەرشتیی دەیان نامەی ماجستێر و دکتۆرا دەکات.

ئەوڕەحمانی حاجی مارف، لەماوەی ژیانیدا، زیاتر لە 20 کتێب، سەدان وتار و لێکۆڵینەوەی سەبارەت بە زمان، ئەدەب، کوردناسی، رەخنە و فەرهەنگ نووسیوە، دەستی داوەتە نووسینی فەرهەنگی کوردی-کوردی بە ناوی میدیا، بەڵام مەرگ رێگەر دەبێت لەبەردەم تەواوکردنی، کە ئامانجی بووە لەچوارچێوەی 25 بەرگدا تەواوی بکات.
شەوی حەوت لەسەر هەشتی تەمموزی 2007، کۆچی دوایی کردووە.
05/07/2025